Accessibility links

ئەمەریکا نوێنەرێکی نوێ بۆ ئەفریقا دەستنیشان دەکات


دەیڤد ساتەرفیڵد
دەیڤد ساتەرفیڵد

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دیبلۆماتکاری بە ئەزموونی وڵاتەکە دەیڤد ساتەرفیڵدی وەکو نوێنەری نوێی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا دەستنیشانکرد.

ساتەرفیڵدی تەمەن 67 ساڵ ئەزموونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لە هەریەک لە وڵاتانی وەکو عێراق و لوبنان و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەی ناوچەکەدا کاریکردووە، لەمدواییانەشدا وەکو باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کاریکردووە.

ساتەرفیڵد شوێنی جێفری فێڵتمان دەگرێتەوە کە ئەویش دیبلۆماتکارێکی بە ئەزموونی ئەمەریکایە و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بوو بۆ ئەفریقا، لە مانگی چواری ساڵی ڕابردووەوە لە هەریەک لە وڵاتەکانی سۆماڵ و دژیبۆتی و ئیریتریا و ئیسیوپیا کاریکردووە.

بلینکن وتی " ئەزموونی دەیان ساڵەی ساتەرفیڵدی دیبلۆماتکار و کارکردنی لەنێوەندی گەورەترین قەیرانەکانی جیهاندا، زۆر گرنگ دەبێت بۆ بەردەوامبوونی هەوڵەکانمان بۆ خستنەوەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ئەفریقا و هەروەها بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەم ناوچە ستراتیژییەدا."

وتیشی فێڵتمانیش بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ڕاوێژکار دەبێت لە کاروبارەکانی ئەفریقادا.

لە مانگی یانزەدا فێڵتمان داوای کۆتایی هێنانی کرد بە " توندوتیژی و کارەساتە مرۆییەکان و کردەوە توندڕەوییەکانی باکووری ئیسیوپیا، لە هەرێمەکانی تیگرای ئامهارا و ئافار."

ماوەی ساڵێکە هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا دژی هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای لە جەنگدان.

فێڵتمان وتی " بەڵام ئێمە زۆر نیگەرانیشین سەبارەت توندوتیژی و گرژییەکان لە ناوچەکانی دیکەی ئیسیوپیادا. ئەگەر لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر نەکرێن ئەوا ئەم کێشانە لەوانەیە ببنە هۆی لکەدارکردنی سەروەری وڵاتەکە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG