وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە بەهای 675 ملیۆن دۆلار چەکی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە.
جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و شارەکانی ئۆکرانیای خاپوور کردووە. لەم چەند هەفتەیەی ڕابردووشدا ترس و نیگەرانییەکان سەبارەت بە ڕوودانی کارەساتێکی ناوەکی لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا زیادبوون.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی دەیان وەزیری بەرگریدا لە بنکەی ئاسمانی ڕامشتاین لە ئەڵمانیا گوتی وەزیرەکان تاوتوێی ئەوە دەکەن وڵاتان چۆن بتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ پێدانی مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا و باشترکردنی بەرگرییەکانیان.
گوتی " ئەم گروپە دەبێت خۆیان ئامادە بکەن بۆ پاراستنی بەرگریکارانی ئازای ئۆکرانیا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. ئەوەش مانای ئەوەیە بەردەوام بین لە زیادکردنی تواناکانیان."
ئەو چەکانەی ئەمەریکا ڕەوانەی ئۆکرانیایان دەکات بریتین لە تەقەمەنی و ئوتومبێلی زریپۆشی هەمڤی و سیستمەکانی دژە تانک.
لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری لە یارمەتی سەربازیی ئۆکرانیادا خەرج کردووە.
ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز