Accessibility links

هێزی دەریایی ئەمەریکا دەست بەسەر کەشتییەکی تەقەمەنیدا دەگرێت کە لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن ڕۆیشتووە


هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت دەستیگرتووە بەسەر یەک ملیۆن فیشەک و فیوزی موشەکدا کە بە قاچاغی لە ڕێی کەشتییەکی ماسیگرتنەوە لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن ڕەوانە کراوە.

کەشتیگەلی پێنجی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە بەحرەین وتی بارەکە سەرەتا ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی " پڕۆسەی پشتڕاستکردنەوەی ئاڵای کەشتییەکەدا " ئاشکرا کراوە. ئاماژەشی بەوەدا " ئەمە دووەم دەستبەسەراگرتنی گەورەی چەکی نایاسایی بووە لە ماوەی مانگێکدا " لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا.

فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا ڤایس ئەدمیڕاڵ براد کوپەر وتی " ئەمە بە ئاشکرا پیشانی دەدات کە چالاکییە تێکدەر و گواستنەوەی نایاسایی یارمەتییە کوشندەکانی ئێران بەردەوامە."

وتیشی " هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا بەردەوام سەنگ دەخەنە سەر بەرپەرچدانەوە و تێکدانی چالاکییە مەترسیدار و نابەرپرسە دەریاییەکان لە ناوچەکەدا."

لە ساڵی 2014 دا حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و دژی حکومەتی یەمەن شەڕ دەکەن سەنعای پایتەختی وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ساڵی دواتر سعودیە هاوپەیمانێتییەک دروست بکات و پشتیوانی لە حکومەتەکەی یەمەن بکات.

لەو کاتەوە جەنگەکەی ناو یەمەن بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزاران کەس و وڵاتەکەی خستۆتە لێواری برسێتییەوە.

لە مانگی چواردا ڕێککەوتنێکی ئاگربەست خرایە بواری جێبەجێکردنەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەندگری تیادا کردبوو، ئاگربەستەکەش بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی توندوتیژییەکان لە وڵاتەکەدا. لە مانگی 10 دا ڕێککەوتنەکە بەسەرچوو، بەڵام شەڕەکە بە شێوەیەکی بەرچاو وەستاوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە دەڵێت " کەشتییەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەدا دەستی بەسەرداگیرا کە نزیکەی 7000 فیوزی موشەک و زیاتر لە 2100 کیلۆ لە ماددەی تەقەمەنی تیادا بووە کە بەکاردەهێندرێت بۆ هاویشتنی هاوەنەکان."

وتیشی " فرۆشتن یاخود گواستنەوەی چەکەکان بۆ حوسییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ، بڕیاری 2216 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG