Accessibility links

ئۆستن: هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا پابەندن بە یارمەتیدانی ئۆکرانیاوە


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن دەڵێت هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا بەردەوامن لە پابەندبوونیان بە یارمەتیدانی ئۆکرانیاوە تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، وتیشی ڕەوشەکە " لەم ساتەدا هەستیارە."

ئۆستن وتی هێزەکانی ئۆکرانیا " هانی هەموومانیان داوە و پێویستیان بە هەموومانە " تاوەکو چەکی زیاترییان بدەینێ لەکاتێکدا کە شەڕەکان لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاتر دەبێت.

وتی " ڕووسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ئۆکرانیا بەبێ جیاوازیکردن و هەڕەشەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا."

ئەمەریکا و ئەو هاوپەیمانانەی کە پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن بڕی ملیاران دۆلار چەک و تەقەمەنییان داوە بە هێزەکانی ئۆکرانیا.

ئۆستن وتی " زۆر شتمان کردووە، بەڵام ئێستا پێویستە پشتیوانییەکانمان بۆ ئۆکرانیا قوڵتر بکەینەوە."

ئۆکرانیا بەردەوامە لە داواکردنی پشتیوانی زیاتری سەربازیی و بەزووترین کات گەیاندنیان بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە، لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ڕووسیا بوونەتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی دۆنباس.

سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤدا کۆدەبنەوە و باس لەوە دەکەن " ئۆکرانیا بەپەلە چی دەوێت."

ستۆڵتنبێرگ وتیشی پێشبینی ئەوە دەکات هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتیوانی زیاتر بۆ ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG