Accessibility links

ئەمەریکا و ناتۆ: ڕووسیا هێشتا هێزەکانی لەنزیک ئۆکرانیا زیاد دەکات


ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ دەڵێن ڕووسیا هێشتا هێزەکانی لە دەوروبەری ئۆکرانیا زیاد دەکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ دەڵێت هێزەکانیان دەکشێننەوە. ئەمەش بووەتە هۆی گومان کردن لە نیازەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە قەیرانەکە.

لە ئۆکرانیا کە خەڵکەکەی ئاڵای وڵاتەکەیان بەرزکردەوە و سرودی نیشتیمانیان وتەوە تاوەکو یەکگرتوویی دژی داگیرکاری پیشان بدەن، حکومەتی وڵاتەکە وتی هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی سەر وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا خراپترین هێرشی ئەلیکترۆنی بووە کە تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی وڵاتەکە بووبێتەوە. پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی ڕووسیا کرد، مۆسکۆش ڕەتی دەکاتەوە دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی یەکە سەربازییە سەرەکییەکانی ڕووسیا بەرەو سنوورەکە دەجوڵێن نەک دووربکەونەوە لێی.

بلینکن لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " ئەوەی ڕووسیا دەیڵێت شتێکە و ئەوەشی کە ئەنجامی دەدات شتێکی دیکەیە. کشانەوەی هێزمان نەبینیوە. هێشتا دەبینین یەکە سەربازییە گرنگەکانی ڕووسیا بەرەو سنووری ئۆکرانیا دەجوڵێن، نەک دووربکەونەوە لێی."

بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ڕۆژئاوا وتی " مەترسی هێرشی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا تاوەکو کۆتایی مانگی دوو لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت، ڕووسیا دەکرێت بە ئاگادارکردنەوەیەکی کەم یاخود بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا. "

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دووبارە داوای لە ڕووسیا کرد بیسەلمێنێت کە هێزەکانی دەکشێنێتەوە، وتی سەرباز و تانکەکان زۆر جار دەجوڵێن. دەبێت ڕووسیا بەڵگە بخاتەڕوو بۆ سەلماندنی کشانەوەی هێزەکانی.

وتی هێشتا دەبێت بزانین ڕووسیا دەکشێتەوە یاخود نا، ئەوەی دەیبینین ئەوەیە ژمارەی هێزەکانیان زیادکردووە، هێزی زیاتریش بەڕێوەن."

کرێملن وتی هەڵسەنگاندنەکانی ناتۆ هەڵەن، باڵیۆزی ڕووسیا لە ئێرلەندا وتی هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتەدا دەگەڕێنەوە بۆ شوێنە ئاساییەکانی خۆیان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG