Accessibility links

ناتۆ هیوادارە ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ڕووسیا سەرکەوتوو بێت


Belgium NATO Ukraine Tensions
Belgium NATO Ukraine Tensions

ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیوانیان لە ئۆکرانیا کردووە بەڵێن دەدەن هیچ کەمتەرخەمییەک نەکەن لە پشتیوانییەکانیاندا بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش سەرەڕای لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی ڕووسیا سەبارەت بەو پشتیوانییانە.

باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمەریکا لە ناتۆ وتی دەستکەوتەکانی ئەمدواییانەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا شکستی هێناوە لە کارکردنەسەر سووربوونی هاوپەیمانێتییەکە، لەکاتێکدا وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە هێشتا باوەڕییان بە کیێڤ هەیە.

باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمەریکا بۆ ناتۆ، جولیان سمیث بە گروپی نوسەرانی بەرگری وت " بە کۆمەڵ لە ناتۆ، پێم وایە هیوادارین و باوەڕمان بەوەیە کە لە کۆتاییدا ئۆکرانیا سەردەکەوێت."

وتیشی " ئاستی ئەو ڕێزەی کە وڵاتانی ناتۆ لە ئێستادا هەیانە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا زۆر بەرزە. هەندێک کات هەیە دەبینین هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەی دەکەن، هەندێک کاتیش دەبینین هێزەکانی ڕووسیا بە سەرکەوتوویی هێزەکانی ڕووسیا ناچار دەکەن بکشێنەوە."

لێدوانەکانی سمیث ڕۆژێک دوای ئەوە دێت واشنتن ڕایگەیاند سیستمی چەکی پێشکەوتووی زیاتر ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " پێمان وایە ئەمەریکا بە مەبەست و بە پەرۆشەوە بەنزین دەکات بە ئاگرەکەدا."

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە وتی بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە چەکانە بۆ ئۆکرانیا " وروژاندێکی ڕاستەوخۆیە و ئامانج لێی بەشداری پێکردنی ڕۆژئاوایە لە ئەرکە سەربازییەکاندا."

سمیث وتی " پێم وایە بەشێوەیەکی سروشتی لە دوو مانگی ڕابردوودا یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا پەرەیان سەندووە و گۆڕاون."

وتیشی " ئێمە لە پێگەیەکدا نین بتوانین جۆرە چەکێکتان بدەینێ تاوەکو بتوانن هێرش بکەنە سەر خاکی ڕووسیا. هاوپەیمانێتی ناتۆ یەکگرتووە لەسەر ئەوەی کە ناتۆ نابێتە لایەنێک لەم ململانێیەدا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG