Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا: ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت و ناتۆ دەبێت فشارەکانی سەر ڕووسیا زیاد بکەن


بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەڵێن هەفتەی داهاتوو ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت و هاوپەیمانێتی ناتۆ کاردەکەن بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر ڕووسیا بەهۆی جەنگەکەیەوە لە ئۆکرانیا، هاوکات تیشک دەخەنە سەر بەردەوامبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چین.

سەرۆک بایدن ڕۆژی شەممە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێدەکەوێت و لەوێ لە باشووری ئەڵمانیا لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی دیکەی کۆمەڵەی حەوتدا کۆدەبێتەوە، دواتریش بەرەو مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەچێت و ئامادەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت.

پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا بڕیار بدرێت هێزەکانی هاوپەیمانێتییەکە بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا بڵاوبکرێنەوە، هەروەها واشنتن کۆمەڵێک هەنگاو دەخاتەڕوو بۆ پتەوکردنی ئاسایشی ئەوروپا.

بۆ یەکەمین جاریشە ڕابەرانی ئوستڕاڵیا و ژاپۆن و کۆریای باشوور و نیوزلەندا ئامادەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبن، بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەمە دەریدەخات جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا نەبووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەنگییان لەسەر چین لاببەن.

یەکێک لە بەرپرسەکان گوتی لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتیشدا لە ئەڵمانیا پێشبینی دەکرێت تاوتوێی " چالاکییە ئابوورییە زۆرەملێکانی چین " بکرێت، کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا ئەو چالاکییانەی زیاتر بوون.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا گوتی " جەنگەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا هاوبەشییەکانمانی لە سەرانسەری جیهاندا پتەوتر کردووە، هەروەها دەریدەخات کە ئۆکرانیا بە جۆرێکی لێنەکردووین کە چاومان لەسەر چین لاببەین. لەڕاستیدا، ئەوە بەتەواوەتی پێچەوانەکەی ڕاستە."

گوتیشی لە کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا بڕیارە پێشوازی لە تێگەیشتنێک بکرێت سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕووسیا و بۆ یەکەمین جار هەڕەشەکانی چینیش.

ئەڵمانیا کە ئەم ساڵ ڕابەرایەتی کۆبوونەوەکە دەکات، بانگهێشتی هەریەک لە وڵاتانی ئەرجەنتین و هیندستان و ئیندۆنیسیا و سەنیگال و ئەفریقای باشووری کردووە تاوەکو بەشداری لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانێتییەکە بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG