Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا: ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیەدا کۆدەبێتەوە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت و لەوێ لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە موحەمەد بن سەلماندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سعودیە تاوەکو جەنگی یەمەن ڕابگرێت.

سۆلیڤان یەکەمین بەرپرسی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەبێت سەردانی سعودیە بکات، بەپێی دوو بەرپرسی باڵای ئەمەریکا، سۆلیڤان لەمیانەی سەردانەکەیدا لەگەڵ هەریەک لە شازادەی جێنشینی سعودیە موحەمەد بن سەلمان و جێگری وەزیری بەرگری سعودیە خالید بن سەلماندا کۆدەبێتەوە.

سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەرامبەر سعودیە بە ئاشکرا جیاوازە لە سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، لە مانگی دوودا لە ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکادا ئاماژە بەوەدرا شازادەی جێنشینی سعودیە موحەمەد بن سەلمان کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودیە جەمال خاشقچی پەسەند کردووە، کە ساڵی 2018 لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژرا.

بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی ئەمەریکا ئاماژەشی بەوەداوە کۆتایی هێنان بە جەنگی یەمەن کە خراپترین قەیرانی مرۆیی لێکەوتۆتەوە، بەبێ گفتوگۆکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیەدا ڕوونادات.

وتەبێژی سۆلیڤان وتی ڕۆژی دووشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا گەشت دەکات بۆ ڕیاز و دواتر سەردانی ئیماڕاتیش دەکات، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

سەردانی سۆلیڤان بۆ سعودیە لەکاتێکدایە ڕەوشی هەژارترین وڵاتی جیهان، یەمەن، خراپتر بووە. شەڕ و پێکدادانەکان لە شاری ماریب زیاتر بووە، لەکاتێکدا حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران هەوڵ دەدەن حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەو شارە دەربکەن کە دەوڵەمەندە بە نەوت.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG