Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ تاووتوێی دانانی ئیخوان ئەلموسلیمین بە ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی دەکات

  • VOA News

کاربەدەستانی ئەمەریکا و کەسانی نزیک لە تیمی سەرۆک ترامپ دەڵێن بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا تاووتوێی ئەوە دەکات ئایا گروپی ئیخوان ئەلموسلیمین بە ڕێـکخراوێـکی تێرۆرستی دابنێن یان نا.

سەرچاوەکان دەڵێن مایکڵ فڵن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی سەرۆک ترامپ خوازیارە ئیخوان ئەلموسلیمین بخرێنە نێو لیستی ڕێـکخراوە تێرۆرستیـیەکان لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و دارایی ئەمەریکا و سزایان بەسەردا بسەپـێنرێت.

ڕاوێژکارێـکی سەرۆک ترامپ کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە " ئاگادارم وتووێژ لەو بارەیەوە دەکرێت. من پـشتیوانی لەوە دەکەم."

پاشان گوتویەتی تیمی مایکڵ فڵن تاووتوێی مەسەلەکەیان کردووە، بەڵام گوتیشی ڕوون نەبووەتەوە ئایا لە کۆتایـیدا ئەم هەنگاوە دەنرێت یان نا.

پـێشتر هەر لەم مانگەدا سیناتۆری کۆماری تێد کروز و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ماریۆ دیاز بالارت پـرۆژە بڕیارێـکیان پـێشنیارکردووە بۆ بە ناساندنی ئیخوان ئەلموسلیمین بە گروپـێـکی تێرۆرستی. هەروەها ڕێکس تیلەرسن کە لە لایەن سەرۆک ترامپەوە بۆ پـۆستی وەزیری دەرەوە دەسـتنیشانکراوە، بە ئەنجومەنی سیناتب گوت ئیخوان ئەلموسلیمین دەزگایەکی ئیسلامی توندڕەوە.

بەڵام کاربەدەسـتان و کەسانیش هەن کە نزیکن لە تیمی سەرۆک ترامپ دەڵێن ڕاوێژکارانی دیکەی سەرۆک و زۆرێـک لە کاربەدەسـتانی خاوەن ئەزمون لە ئاسایشی نیشتیمانی و دیپـلۆماتان و کاربەدەسـتان لە دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و زانیاری دەڵێن گروپی ئیخوان ئەلموسلمین لە هەندێـک وڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە دامەزراوە.

هەروەها ئەو کاربەدەسـتانە مەترسیان هەیە ئەگەربێت و ئەمەریکا هەنگاوێـکی لەو جۆرە لە دژی ئیخوان ئەلموسلیمین بنێت ئەوا شیانی هەیە پەیوەندیـیەکان لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ئەمەریکا ئاڵۆزبن.

جێی ئاماژەیە ئیخوان ئەلموسلیمین پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ تورکیا هەیە، بەڵام لە لایەن میسر و عەرەبستانی سعودیـیە و ئیماراتی عەرەبی خراونەتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانەوە.

XS
SM
MD
LG