ئەمەریکا ڕەتی کردەوە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی " شێری ئەفریقی 2021 " کە سەرپەرشتی دەکات و بە هاوبەشی لەگەڵ مەغریبیدا لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا ڕێکیدەخات لە بیابانی ڕۆژئاوا ئەنجام بدرێت.
سەرۆک وەزیری مەغریب سەعدەدرین عوسمانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو وتی بەشێک لەم مەشقە گەورە ساڵانەییە بە ڕابەرایەتی هێزی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفریقا ( ئەفریکۆم ) لە بیابانی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت.
سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفریقا لە بەیاننامەیەکدا وتی مانۆڕە سەربازییەکە کە حەوت هەزار سەربازی 9 وڵات تیایدا بەشداری دەکەن لە بیابانی ڕۆژئاوادا ناکرێت.
ڕوونیشی کردەوە " مەشقەکان بە گشتی لە سەرانسەری مەغریبدا دەبن، لە بنکەی ئاسمانی قەنتیرەوە بۆ تانتان و بنکەی مەشقی جەریر لە باشوور."
بەرەی پۆلیساریۆ لە بیابانی ڕۆژئاوا کە دژایەتی حکومەتی مەغریب دەکەن ڕاگەیەندراوەکەی مەغریبی ڕەت کردەوە و وتی " ئەو ڕاگەیاندنە دوورە لە ڕاستیەوە." هەروەها وەزیری کاروباری بیابانی ڕۆژئاوا محەمەد سالم بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت مەشقەکان " لە باشووری مەغریب و لەناو سنووری مەغریبدا بەڕێوەدەچن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس