Accessibility links

سوپای ئەمەریکا دەست دەکات بە دروستکردنی بەندەرێکی کاتی بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا دەستییان کردووە بە دروستکردنی سەکۆیەکی لەنگەرگرتنی کەشتی لە دەرەوەی کەناری غەززە، ئامانج لەم سەکۆیەش خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە لە ڕێی دەریاوە بۆ ناو کەرتی غەززە، مانگی پێنج ئەرکەکانی گەیاندنی یارمەتییەکان دەستپێدەکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە مانگی سێدا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بە نیازە سەکۆیەک بۆ لەنگەرگرتنی کەشتییەکان لە دەرەوەی کەناری غەززە دروست بکات، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی یارمەتییە مرۆییەکان داوایان لە ئیسڕائیل کرد کارئاسانی بکات بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە لە ڕێی وشکانییەوە. هێشتا دیاریش نیە کە ئایا ئەو سەکۆیە سەرکەوتوو دەبێت لە زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکاندا بۆ ناو غەززە یاخود نا، ئەمەش لە کاتێکدا کە بەرپرسانی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدەن لەسەر مەترسی کەوتنەوەی برسێتی لە باکووری غەززەدا.

جەنگە شەش هەفتەییەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس بووەتە هۆی کاولبوونی کەرتی غەززە و دانیشتوانە 2.3 ملیۆنییەکەی ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی کردووەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە لە ڕێی دەریاوە دێن و لەو سەکۆیە دادەگیرێن دەبێت بە خاڵە پشکنینە وشکانییەکانی ئیسڕائیلدا تێپەڕ ببن. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی یارمەتییەکان پێشتر لە قوبرس لەلایەن ئیسڕائیلەوە پشکنییان بۆ کراوە و ئینجا بارکراون. ئیسڕائیل دەیەوێت ڕێگری بکات لە دەستڕاگەیشتنی چەکدارانی حەماس بە یارمەتییەکان.

یارمەتییە مرۆییەکان لە ڕێی قوبرسەوە بە دەریادا دەگوازرێنەوە بۆ غەززە.

بوونی خاڵە پشکنینەکانیش ڕەنگە ببنە هۆی دواکەوتنی یارمەتییە مرۆییەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان گلەیی لەو بەربەستانە کردووە کە هاتوونەتە بەردەم گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە و دابەشکردنییان لە کەرتەکەدا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پاتریک ڕایدەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە کەشتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەستییان کردووە بە دروستکردنی قۆناغە سەرەتاییەکانی سەکۆ کاتییەکە لە دەریادا."

نیگەرانییەکانیش سەبارەت بە تێوەگلانی هێزەکانی ئەمەریکا لە جەنگەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا ڕۆژی پێنجشەممە تیشکییان خرایە سەر، ئەوەش دوای ئەوەی هەواڵ هەبوون لەسەر هێرشێکی هاوەن لە نزیک ئەو ناوچەیەوە کە کۆتایی سەکۆکەکە دەبێت لەسەر وشکانی. هیچ سەربازێکی ئەمەریکایی لە ناوچەکەدا نەبووە، سەرۆک بایدنیش فەرمانی بە هێزەکانی ئەمەریکا کردووە پێ نەخەنە کەناری غەززەوە.

دواجار سەکۆکە دەتوانێت ڕۆژانە 90 بارهەڵگر بەڕێوەببات، بەڵام ئەو ژمارەیە دەکرێت زیاد ببێت بۆ 150 بارهەڵگر لە کاتێکدا کە سەکۆکە بە تەواوەتی دەخرێتە کار. نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا وتی لە مانگی چواردا ڕۆژانە 200 بارهەڵگر توانیویانە بێنە ناو غەززەوە، ڕۆژی دووشەممە 316 بارهەڵگر هاتوونەتە غەززەوە کە ئەوەش زۆرترین ژمارە بووە لە ڕۆژێکدا لەم مانگەدا.

بەرپرسەکە وتی نزیکەی 1000 سەربازیی ئەمەریکایی بەشدار دەبن لە هەوڵە سەربازییەکەدا بۆ دروستکردنی سەکۆکە، بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ خانەکانی دیکەشدا لە قوبرس و ئیسڕائیل.

بەرپرسەکە وتی لایەنی سێیەم بارەکان بەسەر سەکۆکەدا دەبات بۆ سەر کەنار دەریاکە.

ڕۆژی پێنجشەممە بەرپرسێکی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی باکووری غەززە بەرەو برسێتی دەچێت، داوای قەبارەیەکی گەورەتری یارمەتییەکانی کرد و داواشی لە ئیسڕائیل کرد ڕێگە بدات ڕاستەوخۆ یارمەتییەکان لە ڕێی بەندەری ئاشدودی باشووری ئیسڕائیل و خاڵی سنووری ئێریزی ئەو وڵاتەوە بچنە غەززەوە.

سوپای ئیسڕائیلیش لە بەیاننامەیەکدا وتی ئاسایش و کاری لۆجیستیکی بۆ پشتیوانیکردن لە سەکۆکە دابین دەکات.

لیوایەکی سوپای ئیسڕائیل کە لە هەزاران سەرباز پێکدێت، لەگەڵ کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئیسڕائیل و هێزی ئاسمانی وڵاتەکە کاردەکەن بۆ پاراستنی ئەو سەربازە ئەمەریکاییانەی کە سەکۆکە دروست دەکەن.

ڕایدەر وتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا چاودێری جۆرە هێرشێکی هاوەن دەکات لە غەززە کە زیانێکی ماددی کەمی هەبووە لە ناوچەیەکی نزیک سەکۆکە. بەڵام وتی هێزەکانی ئەمەریکا هێشتا بەمزووانە بەرەو ناوچەکە ناڕۆن و هیچ سەربازێکی ئەمەریکایش لەسەر وشکانی نەبووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG