فڕۆکەیەکی سەر بە هێزی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە هەلومەرجێکی نادیاردا لە شوێنێکی ژێردەسەڵاتی تاڵیبان کەوتە خوارەوە، تاڵیبان دەڵێت ئەوان فڕۆکەکەیان خستۆتە خوارەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە فڕۆکەکە لەلایەن تەقەی دوژمنەوە کەوتبێتە خوارەوە.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە بەیاننامەیەکدا وتی " فڕۆکەیەکی تایبەتی ئەمەریکای داگیرکەر لە ویلایەتی غەزنە کەوتە خوارەوە." ئاماژەشی بەوەدا هەموو ستافی فڕۆکەکە کوژراون.
دوای چەند کاتژمێرێک لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند فڕۆکەکە ئەمەریکی بووە.
وتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆڵۆنێڵ سۆنی لیجیت وتی " فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە جۆری Bombardier E-11A لە ویلایەتی غەزنەی ئەفغانستان کەوتە خوارەوە."
ئەم جۆرە فڕۆکانە پشتیوانی فڕۆکە دیدەوانییە بێ فڕۆکەوانەکان دەکەن و ئامێری پەیوەندیی زۆر پێشکەوتووییان تێدایە.
وتەبێژەکە وتیشی " لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنە خوارەوەکە دەکرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی فڕۆکەکە بەهۆی تەقەی دوژمنەوە کەوتبێتە خوارەوە." وتیشی " پشتڕاستکردنەوەکەی تاڵیبان هەڵەیە."
لەلای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان ڕوحوڵا ئەحمەدزای بە فرانس پرێسی وت " فڕۆکەکە سەر بە هێزی ئاسمانی ئەفغانی نیە و سەر بە دەزگای هەواڵگری یاخود وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی وڵاتەکە نیە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس