Accessibility links

لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکادا لە نەرویج 4 کەس گیانیان لەدەستدا


پۆلیسی ناوخۆی نەرویج دەڵێت بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکاوە لە ناوچەیەکی دوورەدەستی باکووری نەرویج هەر چوار سەرنشینەکەی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە، ئەو ڕووداوەش لەمیانەی مەشقێکی سەربازیی هاوپەیمانێتی ناتۆدا بووە.

پۆلیس وتی " ئەوەندەی پۆلیس ئاگادار بێت، هەر چوار سەرنشینەکە ئەمەریکی بوون."

فڕۆکەی ئێم ڤی – 22 بی ئۆسپرێی سەر بە هێزی دەریایی ئەمەریکا بووە و بەشداری لە مەشقێکی سەربازیی ناتۆدا کردووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی خراپی کەش و هەواوە کۆپتەرەکان نەیانتوانیوە لەو شوێنەدا بنیشنەوە.

بەرپرسی ئەرکەکانی پۆلیسی نۆردلاند ئایڤار بۆ نیڵسن لە بەیاننامەیەکدا وتی " پۆلیس نزیکەی کاتژمێر 1:30 خولەکی بەیانی گەیشتۆتە شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە. بەداخەوە گیان لەدەستدانی ئەو چوار سەرنشینەی فڕۆکەکەی پشتڕاستکردۆتەوە و فڕۆکەکەش بەتەواوەتی تێکشکاوە."

پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەکە دەکرد، بەڵام بەهۆی خراپی کەش و هەواوە کارەکانیان ڕاگرت. هەر کاتێک کەش و هەوا گونجاو بوو کارەکانیان دەستپێدەکەنەوە.

نزیکەی 30,000 سەربازی 27 وڵات بەشداری لە مەشقە سەربازییەکەی ناتۆدا دەکەن، مەبەست لە مەشقە سەربازییەکەی ناتۆش ئەوەیە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە ئامادە بن بۆ بەرگریکردن لە نەرویج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG