دوو بەرپرسی ئەمەریکایی بە ڕۆیتەرزییان وت پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا بەمزووانە یارمەتییەکی نوێی سەربازیی پێشکەشی تایوان بکات کە بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار.
کۆنگرێسی ئەمەریکا لە بودجەی ئەمەریکادا بۆ ساڵی 2023، بڕی 1 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتی سەربازیی بۆ تایوان پەسەند کردووە.
یەکێک لە بەرپرسەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی پێشبینی دەکرێت پاکێجەکە نزیکەی 330 ملیۆن دۆلار بێت.
کۆشکی سپی ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات.
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا چوار سەرچاوە وتییان پێشبینی دەکرێت لە پاکێجەکەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیدەوانی MQ-9A تێدا بێت.
تایوان پێشتر ڕازیبووە بە کڕینی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووتری MQ-9B کە لەلایەن کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەتۆمیکسەوە بەرهەم دەهێندرێن و تاوەکو ساڵی 2025 دەگەیەندرێنە تایوان.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا جەنەڕاڵێکی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت لە ساڵانی دواتردا گەیاندنی چەکەکان بە تایوان خێراتر بکەن، ئەوەش لە پێناو ئەوەی دوورگەکە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
سەرکردەی ئەرکانی گشتی سوپای ئەمەریکا جەنەڕاڵ مارک مایڵی وتی تایوان پێویستی بە چەکەکانی وەکو سیستمی بەرگری ئاسمانی و ئەو سیستمانە هەیە کە دەتوانن لەسەر وشکانییەوە کەشتییەکان بکەنە ئامانج.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز