Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر پلانی ئاشتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتەنیاهو پلانی ئەمەریکای بۆ ئاشتی لەنێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل ڕاگەیاند، ئەم پلانەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.

لە گرنگترین کاردانەوەکان کاردانەوەی سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس بوو کە ئاماژەی بەوەدا پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانگێڕییە و ئەوەشی خستەڕوو مافەکانی گەلی فەڵەستین بۆ " فرۆشتن " نیە.

سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە پلانەکەی ئەمەریکا پەیامێکی بۆ سەرۆک ترامپ و نەتەنیاهو ناردوو وتی " قودس بۆ فرۆشتن نیە و هەموو مافەکانیشمان بۆ فرۆشتن نین و ئەم پلانگێڕییە سەرناگرێت."

لەلایەکی دیکەوە تورکیا پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەت کردەوە و وتی هەوڵێکە بۆ " دزینی " خاکی فەڵەستین و لەناوبردنی ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین لەپاڵ ئیسڕائیلدا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم پلانە ئامانج لێی لەناوبردنی چارەسەری دوو دەوڵەتییە و دزینی خاکەکانی فەڵەستینە."

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی وتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لەسەر سنووری ساڵی 1967 و بوونی ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات وەکو پایتەختی دەوڵەتەکە تەنها چارەسەرە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیەکی بەرفراوان و هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا " ئەردەن پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵە ڕاستەقینانە دەکات کە کە ئامانج لێیان بەدیهێنانی ئاشتیەکی یەکسان و هەموو گەلانیش پەسەندی بکەن."

یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەی کەکاردانەوەیان هەبوو سەبارەت بە پلانەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لەنێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل، ئێران بوو. ڕاوێژکاری سەرۆکی ئێران وتی پلانەکەی ئەمەریکا تەنها ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیلە، هەروەها پلانەکەشی ڕەت کردەوە.

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئێران حسامەدین ئاشنا وتی " ئەم ڕێکەوتنە لە نێوان ڕژێمی سەهیۆنی و ئەمەریکادا بووە. پەیوەندیکردن بە فەڵەستینەوە لە پلانەکەدا نەبووە. ئەمە پلانی ئاشتی نیە بەڵکو پلانێکە بە زەبر و زۆر دەکرێت.”

لەلای خۆیەوە وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی سکرتێری گشتی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بەڵێن دەدات یارمەتی ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان بدات لە گەیشتن بە ئاشتیەکی هەمیشەیی، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکەوتنە دووقۆڵیەکان و بیرۆکەی دوو دەوڵەت لەسەر بنچینەی سنووری پێش ساڵی 1967.

هەروەها وتەبێژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی لەنێوان جۆنسن و سەرۆک ترامپدا وتی پلانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێت هەنگاوێکی ئەرێنی بێت.

وتەبێژەکە وتی " هەردوو سەرۆک تاوتوێی پێشنیارەکەی ئەمەریکایان کردووە بۆ ئاشتی لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان کە دەکرێت هەنگاوێکی ئەرێنی بیت."

هەروەها میسڕ داوای لە هەریەک لە فەڵەستین و ئیسڕائیل کرد تاوتوێی پلانەکەی ئەمەریکا بکەن بۆ ئاشتی لەنێوانیاندا و دەست بکەن بە گفتوگۆی جددی بە سەرپەرشتی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG