Accessibility links

کوشنەر: پلانی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مانگی حەوت ڕادەگەیەنرێت


ڕاوێژکاری کۆشکی سپی جارێد کوشنەر

ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر وتی دوای کۆتای هاتنی مانگی ڕەمەزان لە مانگی حەوتدا پلانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕادەگەیەنرێت، پلانەکەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین.

کوشنەر کە یەکێکە لە ئامادەکارانی سەرەکی پلانەکە لە میانەی کۆڕبەندێکی گۆڤاری تایم لە واشنتن ئەم لێدوانەیدا، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

پلانەکە کە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە دواخرا دوو بواری سەرەکی دەگرێتەوە، یەکێکیان سیاسییە و ئەوی دیکەیان ئابوورییە. بوارە سیاسییەکەی بابەتە سەرەکییەکانی وەکو پێگەی ئۆرشەلیم دەگرێتەوە لەکاتێکدا بوارە ئابوورییەکەی یارمەتیدانی فەڵەستینیەکان دەگرێتەوە بۆ بەهێزکردنی ئابوورییان.

کوشنەر وتی " تاوەکو دوای مانگی ڕەمەزان چاوەڕێ دەکەین." هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ئەوەدا چاوەڕوان بکرێت تاوەکو سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو حکومەتە هاوبەشەکەی پێک دەهێنێت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیلدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

کوشنەر وتی پلانەکە هەوڵدانێک نیە بۆ سەپاندنی خواستی ئەمەریکا بەسەر ناوچەکەدا. بەڵام ئاماژەشی بەوە نەدا کە ئایا پلانەکە داوای جارەسەری دوو دەوڵەت دەکات یاخود نا.

کوشنەر وتی " سەنگمان خستۆتە سەر ڕاستی ڕەوشەکە و چۆن ژیانی گەلی فەڵەستینی باشتر بکەین و چی بکەین تاوەکو ئەم ناوچانە وەبەرهێنان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG