سەرۆکی مەکسیک ئاندرێ مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر بە توندی ڕەخنەکانی سەر تۆماری مافەکانی مرۆڤی سەر حکومەتەکەی ڕەت کردەوە، وتیشی ئەو ڕاپۆرتانەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردوونەتەوە " ڕاست نین "، لە ڕاپۆرتەکەشدا ئاماژە بەوە دراوە بەرپرسانی مەکسیک مافەکانی مرۆڤییان پێشێل کردووە.
ڕاپۆرتەکە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە دەڵێت ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو هەن سەبارەت بە کوشتنی نایاسایی یاخود ئارەزوومەندانە لەلایەن پۆلیس و سوپا و بەرپرسانی دیکەی مەکسیکەوە، بێسەروشوێنکردن لەلایەن بریکارەکانی حکومەت و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆیی هێزەکانی ئاسایش لە مەکسیکدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەش بەوە دراوە کە " نەبوونی سزا و کەمی لێپێچینەوە کێشەیە بۆ سەرجەم تاوانەکان، لەوانەش پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی "، هەروەها ڕەخنە لە توندوتیژییەکان دەگرێت دژی ڕۆژنامەنووسان لە مەکسیک.
کاتێک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە پرسیاری لێکرا، سەرۆکی مەکسیک لۆپێز ئۆبرادۆر ڕاپۆرتەکەی ڕەت کردەوە و وتی " ئەوان ڕاست ناکەن." ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا " باوەڕی وایە خۆی حکومەتی جیهانە."
وتیشی " شایەنی ئەوە نیە تووڕە ببیت لەسەری. ئەوان بەو شێوەیەن." ئۆبرادۆر بڕیارە لەگەڵ وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کێریدا لە مەکسیک کۆببێتەوە. وتیشی " ڕاپۆرتەکە ڕاست نیە. ئەوان درۆ دەکەن."
لۆپێز ئۆبرادۆر بەردەوام ڕەخنەکانی ئەمدواییانەی ئەمەریکای سەبارەت بە تۆماری ئاسایشی مەکسیک ڕەت کردۆتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی چوار هاوڵاتی ئەمەریکی لەم مانگەدا لە باکووری مەکسیک ڕفێندران، دواتر دووانیان بە مردوویی دۆزرانەوە.
ئۆبرادۆر دەڵێت گەندەڵی و بێ سزایی لە مەکسیک ناهێڵێت، ئاماژەی بەوە داوە وڵاتەکەی لە ئەمەریکا " پارێزراوترە ". ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی کوشتن لە مەکسیک زۆر زیاتر بەرامبەر بە ئەمەریکا، هەروەها ڕەخنەی لە هەوڵەکانی ئەمەریکا گرتووە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی دەرمانە مەترسیدارەکان بۆ ناو ئەمەریکا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرۆکی مەکسیک ڕاپۆرتەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە تۆماری مافەکانی مرۆڤ لە مەکسیک ڕەت دەکاتەوە
