Accessibility links

سەرۆک ترامپ: وردەکاری زیاتر بڵاودەکەینەوە سەبارەت بە ڕێکەوتنی کۆچ لەگەڵ مەکسیکدا


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی بەڕێوبەرایەتیەکەی وردەکاری زیاتر بڵاودەکاتەوە سەبارەت بە ڕێکەوتننامەی کۆچ لەگەڵ مەکسیکدا و لەهەمان کاتدا ئەو ڕاپۆرتە هەواڵییانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن مەکسیک هیچ پابەندبوونێکی نوێی پیشان نەداوە لەوەی ڕێگە لە شەپۆلی کۆچبەران بگرێت لە سنووری باشوور.

سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسیویەتی " مەکسیک هاریکار نەبوو لەو شتانەدا کە ئێمەی نیگەران کردبوو، ئێستا دوای ئەوەی دوێنێ قسەم لەگەڵ سەرۆکەکەیان کرد، تەواو هاریکار دەبن و دەیانەوێت ئەرکەکە بەشێوەیەکی ڕاست جێبەجێ بکەن."

وتی " گرنگ ئەوەیە ڕێکەوتن کراوە لەسەر هەندێک بابەت کە لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکاندا نەبووە، بەدیاریکراویش شتێک. لەکاتێکی گونجاودا ئەو شتە ڕادەگەیەنرێت."

دوای سێ ڕۆژ لە دانوستان لە واشنتن، ئەمەریکا و مەکسیک ڕۆژی هەینی گەیشتنە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە کۆچ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا باجی گومرگی نەخاتە سەر هەندێک لە کەلوپەلەکانی مەکسیک کە دێنە ناو ئەمەریکاوە.

سەرۆک ترامپ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕەت کردەوە کە تیایدا باس لەوە کراوە ڕێکەوتنەکە کۆمەڵێک پابەندبوون لەخۆدەگرێت کە مەکسیک پێشتر پەسەندی کردوون.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکی و مەکسیکیەوە کە نزیک بوون لە دانوستانەکانەوە بڵاویکردەوە بابەتی فراوانکردنی " بەرنامەی ڕێگەپێدان بەو کەسانەی کە داوای پەنابەرێتی دەکەن لە مەکسیک بمێننەوە " پێشتر لە مانگی دوانزەدا دوو وڵاتەکە ڕێکەوتوون لەسەری.

ڕۆژنامەکە ئاماژەشی بەوەدا لە مانگی سێدا مەکسیک ڕازی بووە هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی لە وڵاتەکەدا بڵاوبکاتەوە و زۆربەیان لە سنووری باشوور جێگیر بکات.

سەرۆک ترامپ وتی " ماوەیەکی زۆرە هەوڵمانداوە بگەین بە هەندێک لەو ڕێوشوێنە سنوورییانە و بەڕێوبەرایەتیەکانی دیکەش ئەو هەوڵەیان داوە بەڵام نەیانتوانیوە پێی بگەن، یاخود بەتەواوەتی پێی بگەن، هەتا ئێمە ئەو ڕێکەوتنەمان لەگەڵ مەکسیکدا واژۆ کرد."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG