Accessibility links

شاندێکی هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی شاری مەنبج دەکات


شاندێک لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە سەردانی شاری مەنبجی باکوری سوریایان کرد و لەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی شارەکە کۆبوونەوە.

شاندەکە کە پـێکهاتبوو لە هەریەک لە باڵیۆز ولیەم ڕۆبەک، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا و جەنەڕاڵ جەیمی جارارد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئیبراهیم قەفتان و زەینەب قەنبەر هەردوو هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری شاری مەنبج ئەنجام دا.

هەروەها شاندەکە سەردانی ناو شاری مەنبجیان کرد و لە نزیکەوە چاویان بە خەڵکی شارەکە کەوت.

ئیبراهیم قەفتان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" پەیامی ئەم شاندەی ئەمەریکا بۆ خەڵکی مەنبج ئەوەیە(ئێمە لەگەڵتانداین لەسەر مەنبج مەترسن، مەنبج سەلامەت و ئارامە)، ئەمەش ئەوەیە کە خەڵکی و بەڕێوەبەرایەتی مەنبج دەیانەوێت."

هەروەها ئیبراهیم قەفتان گوتی ئەمە دڵنیایی دەدات کە سیناریۆکەی عەفرین لێرە ڕوونادات.

جێی ئاماژەیە لەگەڵ دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە 20 ی مانگی یەک، سەربازانی ڕووسی لە خاڵەکانی چاودێری عەفرین کشانەوە. چاودێران دەڵێن تورکیا بەبێ بوونی گڵۆپی سەوز لە لایەن مۆسکۆوە نەیدەتوانی هێرشی سەر عەفرین ئەنجام بدات. ڕووسیا بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بە مەترسـیـیەک دادەنێت بۆ سەر بەرژەوەندیـیەکانی لەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بنکەی هێزی دەریایی خۆی لێـیە.

بۆ بینینی وێنەکان کلیکی سەر وێنەکە بکە

XS
SM
MD
LG