Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەمەریکا پـشتیوانی وڵاتەکەی بۆ لیبیا دووپات دەکاتەوە

بریکاری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لیبیا دەڵێت وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی لیبیا بەردەوام دەبێت و لەوەتای ڕژێمی موعەممەر قەزافی لە ساڵی 2011 وە لادراوە، ئەمەریکا 635 ملیۆن دۆلاری بۆ پشـتیوانیکردنی لیبیا خەرجکردووە.

خانم ستیفانی ولیەمز لە بەیانـنامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی نووسیویەتی ڕۆژی پـێنجشەممە خۆی و جەنەڕاڵ تۆماس ڤالدهاوزەر فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفریکا لەگەڵ فایز ئەلسەڕاج سەرۆک وەزیری لیبیا لە تەرابلوس کۆبوونەتەوە و دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەمەریکا دەیەوێت لیبیایەکی سەقامگیر و دیموکرات و یەکگرتوو ببینێت کە تیایدا خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی لیبیا بێتەدی. جەختیشیان لەوە کردووەتەوە واشنتن وابەستەیە بە پەرەپـێدانی ئابوری لەگەڵ لیبیا و شکستهێنان بە داعش و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکەی بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی خەڵکی لیبیا.

هەروەها نووسیویەتی واشنتن یارمەتیـیەکانی بۆ لیبیا زیادکردووە بە ئامانجی باشکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکان و سنوورەکان و پاراستنی سیستەم و بەڕێوەبردنی زیندانەکان و بەهێزکردنی توانای لیبیا لە بواری هەڵگرتنەوەی مین. جگە لەمانەش بەشداری کردووە لە یارمەتیـیە مرۆیـیەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ لیبیا.

پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پاش کۆبوونەوەی ، پـشتیوانی واشنتنی بۆ غەسان سەلامە نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا نیشان دا و داوایکرد لە زووترین کات هەڵبژاردن سازبکرێت. جەنەڕاڵ تۆماسیش گوتی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی لیبیا بەردەوام دەبێت لە ڕاوەدونانی تێرۆرستان لە لیبیا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG