Accessibility links

تیلەرسن دەڵێت هیچ شتێک نیـیە نیشانی بدات سەعەد حەریری لە سعودیـیە دەستبەسەربێت

  • VOA News

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت هیچ شتێک نیـیە نیشانی بدات عەرەبستانی سعودیـیە سەرۆک وەزیری لوبنانی ناچارکردبێت دەسـتبەرداری پـۆستەکەی ببێت و دەستبەسەری کردبێت.

ڕێکس تیلەرسن ئەمڕۆ هەینی لەو کاتەی لە بەیژینی پایتەختی چینەوە بەرەو شاری دانانگی ڤێتنام بەڕێکەوت، بە ڕۆژنامەوانانی گوت عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیـیە بۆی دووپاتکردووەتەوە سەعەد حەریری خۆی بڕیاری داوە دەستبەرداری پـۆستەکەی ببێت.

تیلەرسن گوتیشی پـێویستە حەریری بگەڕێتەوە بۆ لوبنان تاوەکو بە فەرمی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پـۆستەکەی پـێشکەش بکات و حکومەتی لوبنان بتوانێت بە شێوەیەکی دوروست کاربکات.

لە لایەکی دیکە ژان ئیف لودغیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ هەینی بۆ ڕادیۆی (ئەوروپا یەکی) ڕاگەیاند سەعەد حەریری ئازادە و هیچ دەستبەسەر نیـیە، وە بەڵگەشی بۆ ئەوە کاتێک ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی سعودیـیەی کرد، سەعەد حەریری لە سەردانی ئەبو زەبی وڵاتی ئیمارات بوو.

جێی ئاماژەیە شەممەی ڕابردوو سەعەد حەریری لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا لە عەرەبستانی سعودیـیەوە دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پـۆستەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش لە بەرامبەر دەسـتێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەی. گوتیشی ئێران خوازیارە جیهانی عەرەبی وێرانبکات.

XS
SM
MD
LG