نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا ئامۆس هۆچستین ڕۆژی دووشەممە وتی ئاگربەست لە غەززە نابێتە هۆی ئەوەی توندوتیژییەکان لە سەر سنووری باشووری لوبنان ئۆتۆماتیکی کۆتایی پیبێت، هەروەها هۆشداریدا سەبارەت بە مەترسی پەرەسەندنی ململانێکە.
هۆچستین لە چوارچێوەی هەوڵە دیبلۆماتییەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە سەردانی بەیروت دەکات.
لە دوای جەنگەکەی ساڵی 2006 ەوە، توندوتیژییەکانی ئێستا لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان بە خراپترین ململانێ لەو سنوورەدا دادەنرێت، توندوتیژییەکانیش لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماسەوە زیادییان کرد.
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان نەبی بێریدا، کە نزیکە لە حزبوڵاوە، هۆچستین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە، هەروەها شتێکیش نیە بە ناوی جەنگێکی سنووردارەوە."
هۆچستین وتی توندوتیژییەکان لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا لەسەر سنوورەکە زیادییان کردووە.
وتی " ئاگربەستێکی کاتی بەس نیە. جەنگێکی سنووردار ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ئیلیاس بو سەعب بە ڕۆیتەرزی وت کاتی سەردانەکەی هۆچستین ئاماژەیەکە لەسەر بەرەوپێشچوون لە هەوڵەکاندا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە غەززە.
حزبوڵا بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە داوە هێرشەکانی لە کاتێکدا دژی ئیسڕائیل ڕادەگرێت کاتێک هێرشەکەی ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە دەوەستێت، بەڵام ئەگەر ئیسڕائیل بەردەوام بێت لە بۆردومانکردنی لوبنان، ئەوا حیزبوڵاش بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل.
بەڵام هۆچستین وتی ئاگربەست لە غەززە ئۆتۆماتیکی نابێتە هۆی ئارامبوونەوەی سنووری باشووری لوبنان و وتی هیوا دەخوازێت " بۆ چارەسەرێکی دیبلۆماتی بۆ ململانێکەی سەر سنوورەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
نوێنەرێکی ئەمەریکا دەڵێت جەنگەکەی سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان کۆنتڕۆڵ ناکرێت
