Accessibility links

ڕاپۆرتی گالۆپ: لەسەر ئاستی جیهاندا سەرکردایەتی ئەمەریکا پەسەندترە وەک لە چین


بەپێی شیکارییەکانی گالۆپ، سەرکردایەتی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهان پەسەندترە وەک لە سەرکردایەتی چین. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە سەرەڕای ئەوەی وڵاتی زیاتر پشتیوانی لە سەرکردایەتی ئەمەریکا دەکەن، پشتیوانی جیهانی بۆ هەردوو وڵاتەکە لە ساڵی 2023 دا کەم بووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە کاتێکدا سەرکردایەتی ئەمەریکا لە جیهاندا پەسەندترە، بەڵام پشتیوانییەکە لە گۆڕاندایە، هۆکارەکەشی بەندە بەوەوە کە کێ سەرکردایەتی ئەمەریکا دەکات. بەپێی داتاکانی گالۆب لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵدا، سەرکردایەتییە دیموکراسییەکەی ئەمەریکا پشتیوانییەکی زیاتری لێدەکرێت لە جیهاندا بە بەراورد لەگەڵ سەرکردایەتییە کۆمارییەکەیدا.

لە ساڵی 2023 دا، لە کۆی ئەو 133 وڵاتەی کە بەشدار بوون لە ئامارەکەدا، ئەمەریکا پێشەنگی بەسەر 81 وڵاتییاندا پاراست، چینیش لە پێش 51 وڵاتەوەیە.

گالۆپ دەڵێت پەسەندیی سەرکردایەتی وڵاتێک لەسەر ئاستی جیهان گرنگە بۆ توانای ئەو وڵاتە لە بەکارهێنانی دەسەڵات و کاریگەرییەکانیدا، ئەو وڵاتەش لەگەڵ فاکتەرەکانی دیکەدا دەرفەتێکی باشتری دەبێت بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەکانی."

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا بە ئاشکرا دیارە پێشەنگە، پشتیوانییەکان لە ئەمەریکا و چین کەم بوونەتەوە، گالۆپ لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت " ئەمە پێشنیاری ئەوە دەکات کە پەرۆشییەکان بۆ ئەم دوو وڵاتە زلهێزەی جیهان تا دێت کەمتر دەبنەوە."

سەرەڕای ئەوەی بە گشتی پشتیوانییەکان لەو دوو وڵاتە کەم بووەتەوە، ئەمەریکا و چین لە هەندێک ناوچەی جیهاندا پشتیوانی نوێیان دەستکەوتووە. بۆ نموونە چین لەلایەن وڵاتانی ئەفریکای وەکو تانزانیا و ئۆگەندا و ئەفریکای باشوور و مالاوییەوە پشتیوانی لێکراوە. ئەمەریکاش لەلایەن وڵاتانی ئاسیای وەکو هیندستان و فیلیپین و کۆریای باشوور و ڤیێتنامەوە پشتیوانی لێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، " چالاکییە خۆدەرخستنەکانی چین لە گەڕەکەکەیدا وادیارە بووبێتە هەڕەشەیەک کە ئەم وڵاتانەی پاڵناوە بەرەو ئەمەریکا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ دوژمنکارییەکانی چین لە دەریای باشووری چیندا.

کۆی گشتی پشتیوانییەکان لەم ساڵدا دەکرێت پەیوەست بێت بە چەندین هۆکارەوە، لەوانەش گۆڕانکاری لە سەرکردایەتییەکان یاخود پەرەسەندنی ململانێ جیهانییە گەورەکان. ئەم ساڵ گەورەترین ساڵی هەڵبژاردنە لە مێژووی تۆمارکراودا و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان لە زیاتر لە 50 وڵات بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەڕۆن.

جولی ڕەی کە هاونوسەری ڕاپۆرتەکەی گالۆپە، وتی کاریگەریی هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵ قورسە پێشبینی بکرێن، بەڵام " گرەوەکان بە دڵنیاییەوە لەم ساڵدا زۆرن."

پشتیوانیکردن لە سەرکردایەتییەکەی ئەمەریکا دەکرێت جێگەی پرسیار بێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر بەردەوامبوونی لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لە ماوەی جەنگەکەی ناو غەززەدا کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 30,000 فەلەستینی. چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن 1200 کەس کوژراون و نزیکەی 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتە سەربازییەکەی لە غەززە دەستپێکرد کە دەڵێت ئامانج لێی لە ناوبردنی حەماسە.

ڕەی وتی کاریگەریی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل " بە ڕاستی هێشتا دیار نیە، لە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە و دوای دەستپێکردنی جەنگەکەشدا شیکاریمان بۆ وڵاتان کرد و هیچ جیاوازییەکی گەورەمان نەبینی لە پشتیوانییەکاندا."

ڕەی وتی پشتیوانی ئەمەریکا لە ئیسڕائیل کاریگەرییەکی دیاری هەبووە لەسەر پشتیوانییەکان بۆ سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا، وتی ڕێژەی پشتیوانییەکە " بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG