Accessibility links

یاسادانەرانی ئەمەریکا لەسەر پڕۆژە یاسایەکی بەرگری گەورە ڕێکدەکەون


نوێنەرانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند گەیشتوون بە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە پڕۆژ یاسایەکی بەرگری کە بەهاکەی دەگاتە 738 ملیار دۆلار و کۆمەڵێک ڕیوشوێنی نوێی تیادا دەبێت بۆ ڕکابەرایەتیکردنی ڕوسیا و چین و هەروەها پێکهێنانی هێزی بۆشایی ئاسمان کە سەرۆک دانۆڵد ترامپ ئارەزووی لێی هەیە.

پڕۆژە یاساکە داواش دەکات سزا بسەپێنرێت بەسەر تورکیادا بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسییەوە. هەروەها داوا دەکات کۆریای باکوور وەڵامێکی توندی بدرێتەوە لەسەر هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوەکی.

دوای گفتوگۆکردنێکی زۆر کە ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە ڕێکەوتن. واپێشبینی دەکرێت پێش پشووی کۆتای ئەمساڵ پڕۆژە بڕیارەکە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پەسەند بکرێت.

پڕۆژە یاساکە 658 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ پڕۆگرامی ئاسایشی نیشتیمانی لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و وزە. هەروەها 71,5 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ کۆمەکیکردنی جەنگەکانی دەرەوە، 5.3 ملیار دۆلاری دیکەی تەرخان کردووە بۆ فریاکەوتن و چاککردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و کارەساتە سروشتیەکانەوە کەوتوونەتەوە.

هەروەها بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە موچەی سەربازانی ئەمەریکا لە سەدا 3.1 زیاد دەکات.

لە نێو کۆمەڵێک شتی دیکەدا پڕۆژە یاساکە سزا دەسەپێنێت بەسەر هێڵی بۆرییەکانی ڕوسیا نۆرد ستریم 2 و تورکستریم و هەر هاریکارییەکی سەربازی لەگەڵ ڕوسیادا قەدەغە دەکات.

هەروەها بەپێی ئەو پڕۆژەیە نابێت هیچ فڕۆکەیەکی ئەمەریکی ئێف 35 ڕەوانەی تورکیا بکرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کۆنگرێسی ئەمەریکا هاودەنگن سەبارەت بە بابەتی کڕینی سیستمی موشەکی بەرگری ڕوسی لەلایەن تورکیاوە کە واشنتن دەڵێت ئەو سیستمە ناگونجێت لەگەڵ سیستمە بەرگرییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ و هەڕەشەیە بۆ سەر فڕۆکە ئێف 35 ەکانی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG