Accessibility links

سەرۆک ترامپ بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و ئەردۆغان دەکات


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کردووە.

مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی گوتی سەرۆک ترامپ هەردوو پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکەی کردووە بە ئامانجی کۆتایی هێنان بەو شەڕەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵگیرساوە و هەروەها مسۆگەرکردنی هێشتنەوەی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لە نێو زیندانەکاندا.

پـێنس گوتی جەنەڕاڵ مەزڵوم لە میانەی وتووێژەکەی لەگەڵ سەرۆک ترامپ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر مەترسی هێرشی تورکیا بۆ سەر شاری کۆبانی و داوای لە سەرۆک ترامپ کردووە لەم بارەیەوە قسە لەگەڵ ئەردۆغان بکات.

سەرۆک ترامپیش پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە کردووە و بەڵێنی ئەوەی لێوەرگرتووە هێرش نەکرێتە سەر شاری کۆبانی.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە سەرۆک ترامپ زۆر بە ڕوونی بە ئەردۆغانی گوتووە دەبێت کۆتایی بەو لەشکرکێشیـیە بهێنێت وە ئەمەریکا ئامادەیە ناوبژیوانی لە نێوانیاندا بکات.

گوتیشی بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک ترامپ ئەو و ڕۆبەرت ئۆبرایەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکای ڕاسپاردووە لەم نزیکانە سەرۆکایەتی شاندێک بکەن و بەرەو تورکیا بڕۆن و دەستبکەن بە وتووێژ و دانوستاندن بۆ کۆتایی‌هێنان بەو خوێن ڕشتنە.

مایک پـێنس گوتیشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئابوری لە دژی تورکیا هەتا کۆتایی بە توندوتیژی دێت. گوتیشی سزاکانی ئەمڕۆ بەسەر سێ وەزیری تورکیا سەپێندراون تەنیا سەرەتای سزاکانە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانیش هان دەدەن سزای ئابوری بەسەر تورکیا بسەپـێنن و بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆک ترامپ پەیوەندی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کردووە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی بەڵێنی بە سەرۆک ترامپ داوە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش هەر لە نێو زیندانەکاندا بهێڵنەوە.

XS
SM
MD
LG