هەردوو وەزارەتی دەرەوە و خەزێنەی ئەمەریکا ڕایانگەیاند بەهۆی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سزای حکومەتی تورکیا دەدەن.
وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ فەرمانێکی واژوکردووە بۆ فشارخستنە سەر تورکیا تاوەکو هێرشە لەشکریـیەکەی ڕابگرێت و دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەنرێت.
فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ مۆڵەت بە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و خەزێنە دەدات سزا بسەپـێنن بەسەر کەسان و دەزگاکانی حکومەتی تورکیا ئەوانەی دەستیان هەیە لەو کارانەی ژیانی هاوڵاتیانی سیڤیل دەخەنە بەردەم مەترسیـیەوە یان هۆکاری ناسەقامگیر و تێکدانی ئارامین لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بۆیە سێ کاربەدەستی باڵای تورکیا سزایان بەسەر دەسەپـێنرێت. ئەوانیش خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری و سولهیمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی تورکیا و فاتح دۆنمەز وەزیر وزەی تورکیا.
ئەم سێ وەزیرە هەموو مۆڵک و سەروەت و سامانیان لە ئەمەریکا سڕدەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بۆ ئەوەی سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپێندرێت پـێوستە لەسەر ئەنکەرە دەستبەجێ هێرشەکەی ڕابگرێت بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.