Accessibility links

لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆمەڵێک بەڵێنی گرنگ بە کوردی سوریا دەدرێت


ژمارەیەک سیناتۆری ئەمەریکایی لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بەڵێنیان بە هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دا هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن بۆ ڕێگەگرتن لە لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا و کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.

ئیلهام ئەحمەد ئێوارەی دووشەممە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پـێشوازی لێکرا لەلایەن هەریەک لە سیناتۆر لیندزی گراهام (کۆماری)، سیناتۆر کرێس ڤان هاڵن(دیموکرات)، سیناتۆر مارشا بلاکبێرن (کۆماری)، سیناتۆر جین شەهین (دیموکرات)، سیناتۆر ڕیچارد بلومنتاڵ (دیموکرات).

پاشان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بە دوایدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش سیناتۆرەکان پشتیوانی خۆیان بۆ کورد دووپاتکردەوە و لەشکرکێشیـیەکەی تورکیایان شەرمەزاردکرد.

سیناتۆر گراهام گوتی پـێویستە هێزێکی بچوکی ئەمەریکا لە سوریا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کاربکات و ئاسمانی ناوچەکانی باکوری سوریا بپارێزرێت و ناوچەیەکی لە چەک داماڵێنراو لە نێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دابمەزرێت و لە لایەن هێزێکی نێودەوڵەتی چاودێری بکرێت.

پاشان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت دەستگیرکراوەکانی داعش کە بە زیاتر لە 10هەتا 12هەزار کەس مەزەندەی کردن و گوتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نیگەرانیـیەکانی لە بارەیانەوە زیاتردەبن. گوتیشی تورکیا لەم دۆخە بەرپـرسیارە و لەشکرکێشیـیەکەی ڕێگە خۆشدەکات بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش.

هەروەها گوتی متمانەی بە تورکیا نیـیە کۆنترۆڵی بەسەر دەستگیرکراوەکانی داعشدا هەبێت، بەڵکو ئەو متمانەیەی بە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەیە کە پـێشتر بە کارەکانیان ئەوەیان سەلماندووە.

سەبارەت بە کێڵگە نەوتیـیەکانی سوریا، گوتی دەبێت ئەو کێڵگە نەوتیـیانە بپارێزرێن و ڕێگە نەدرێت ئێران کۆنترۆڵیان بکات.

پاشان سیناتۆرەکانی دیکەش هەموویان سەنگیان خستە سەر پاراستنی کوردانی سوریا لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و بەڵێنیان دا بە ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لە کۆنگرێس فشارەکانیان بۆ سەر تورکیا زیاتربکەن.

ئیلهام ئەحمەد لای خۆیەوە سوپاسی ئەندامانی کۆنگرێس و خەڵکی ئەمەریکای کرد بۆ ئەو داکۆکیـیەی لێـیان دەکەن. پاشان ڕەخنەی لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ گرت بۆ کشانەوەی هێزەکان لە سوریا، گوتی ئەو بڕیارە زۆر زیانی پێگەیاندن و ئێستا تورکیا هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانیان و بە نیازە درێژە بە هێرشەکانی بدات و هەڕەشەی پاکتاوی نەژادیـیان لێدەکات. گوتیشی تورکیا دەیەوێت تەواوی ناوچە سنووریـیەکان داگیربکات و ئەمەش لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە جێی قبوڵ نیـیە، بۆیە داوای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری تورکیا دەکەن و داوای سەپاندنی ناوچەی قەدەغەفڕین دەکەن لە باکوری سوریا و هێزێکی نێودەوڵەتی لەسەر سنوور دابنرێت تاوەکو لە هێرشی تورکیا بیانپارێزێت. داواشیکرد کورد لە پاکتاوی نەژادی ڕزگاربکەن.

ژمارەیەک لە سیناتۆرەکان لە بارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد لەسەر تویتەرەکەیان نووسیویانە.

XS
SM
MD
LG