Accessibility links

کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکا دەگاتە تورکیا بۆ وتووێژکردن لە بارەی هێزە کوردیـیەکانی سوریا


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا گەیشتووەتە تورکیا بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە سەبارەت بە هێزە کوردیـیەکانی سوریا.

جۆن بۆڵتن ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە ئەنکەرەی پایتەخت و بڕیارە سبەی سێشەممە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا کۆببێتەوە، لەوانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا.

ئەم کاربەدەستە باڵایەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە ئیسرائیل گوتی سەلامەتی کوردەکان مەرجێکە بۆ کشانەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە سوریا. گوتیشی سەرۆک ترامپ گوتویەتی ڕێگە بە تورکیا نادرێت کوردەکان بکوژێت کە لەگەڵماندا لە دژی داعش شەڕیانکردووە.

هەریەک لە جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا و جیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەی سوریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی جۆن بۆڵتن لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا دەکەن.

بەپـێی لێدوانەکانی جۆن بۆڵتن بڕیارە دوای ئەو کۆبوونەوانە جێمس جێفری سەردانی باکوری سوریا بکات تاوەکو کوردەکان دڵنیا بکاتەوە لەوەی ئەمەریکا دەستبەرداریان نابێت.

لە لایەکی دیکە بەدران چیا کورد ڕاوێژکاری بەڕێوبەرایەتی کوردەکانی سوریا، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە ئەمەریکایـیەکان بە فەرمی یان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەو لێدوانانەی جۆن بۆڵتنیان بە بەڕێوەبەرایەتی کوردی نەگەیاندووە و تەنیا لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە گوێبیستی بوون. دەشڵێت چاوەڕوانن ئەمەریکا ڕوونکردنەوەیان لەم بارەیەوە بداتێ.

بەدران چیا کورد گوتیشی لێدوانەکانی جۆن بۆڵتن نیشانی دەدەن تورکیا کورد دەکوژێت، بۆیە دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئەوە دووبارە نابێتەوە. باسی لەوەش کرد تورکیا زیاتر لە داعش و هەموو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی دیکە جێی مەترسیـیە بۆ سەر کورد.

هاوکات کاربەدەستانی تورکیا ڕەخنە لە لێدوانەکانی جۆن بۆڵتن دەگرن و دەڵێن وڵاتەکەیان دوژمنی کورد نیـیە و تەنیا شەڕی هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە دەکەن کە جێی مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.

XS
SM
MD
LG