Accessibility links

ئەمەریکا: مافی خۆمانە سات و شوێنی کاردانەوەکەمان لە بەرامبەر هێرشەکەی سەر هەولێر دەستنیشانبکەین


کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن وڵاتەکەیان مافی خۆیەتی سات و شوێنی کاردانەوەکەیان لە بەرامبەر هێرشە موشەکیـیەکەی سەر شاری هەولێر هەڵبژێرن.

نێد پـرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا گوتی واشنتن هێرشەکەی بە جدی وەرگرتووە، بۆیە واشنتن پشتیوانی لە لێکۆڵنەوەکەی عێراقیـیەکان لەم بارەیەوە دەکات، ئیدی ئێران ئەنجامی دابێت یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران و یاخود ئەندامانی ئەو هێزانە. گوتیشی پەلە ناکەن لەوەی بڕیار بدەن کێ لە هێرشەکە بەرپـرسیارە.

هەروەها گوتی مەسەلەی سەلامەتی ئەمەریکایـیەکان و شوێنەکانی کاری لێدەکەن بە ئەوپەڕی گرنگی وەردەگرن.

باسی لە پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکەی نێوان ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراقی کرد. گوتیشی لەگەڵ کاربەدەستانی کورد و عێراقی لە پەیوەندیدان تاوەکو بەرپـرسانی ئەو هێرشە دەستنیشانبکەن.

هاوکات جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکەی ئەمڕۆیدا ئەویش گوتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن مافی خۆیەتی کەی و چۆن کاردانەوەی دەبێت.

لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش، کاربەدەستێک ئەمڕۆ سێشەممە بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوت وەزارەتەکەیان ئێستا سەرقاڵی دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپـرسە لە هێرشەکەی سەر هەولێر. گوتیشی فەرماندە لەشکریـیەکان ڕاسپاردە و بژارەکانی خۆیان بۆ چۆنیەتی کاردانەوە دەدەن بە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن تاوەکو بڕیاری گونجاوی لە بارەیانەوە بدەن.

لەلایەکی دیکە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هێرشەکەیان سەرزەنشتکرد، لەوانە سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆی کۆماری، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی سینات.

ڕۆبیۆ لە ڕاگەیاندنێکدا نووسی"هێرشی سەر هەولێر کارێکی دوژمنکارانەی بێ پاساوبوو لە دژی خەڵکی عێراق و ئەمەریکا. ناکرێت ئێران خۆی لە پشت ئەو هێزانەی بشارێتەوە کە بە وەکالەت لە عێراقدا کاردەکەن، بۆیە دەبێت جیهان ڕوونی بکاتەوە کە ئازاردانی ئەمەریکایـیەکان و هاوپەیمانانی باجێکی گەورەی هەیە.

گوتیشی پشتیوانی ئێران بۆ ئەو گروپانە ئەوەش دەسەلمێنێت کە ناکرێت بڕوا بە خامەنەئی بکرێت لەوەی ڕێز لە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیـیەکان بگرێت، وە بۆیە نابێت هەرگێز ئێران لە چەکی ناوکی نزیکببێتەوە.

سیناتۆر بۆب مێنیندێز
سیناتۆر بۆب مێنیندێز

سیناتۆر بۆب مێنیندێزی دیموکرات، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات، ئەویش ڕاگەیاندنێکی لە بارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و تیایدا بە توندی هێرشەکەی سەرزەنشتکرد و پـرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو بەڵێندەرە ئەمەریکایـیە نارد کە بەهۆی هێرشەکەوە گیانی لەدەستدا.

گوتیشی ئەم هێرشە دەریدەخات کە چەندە گرنگە هاوکاری ئاسایشی پتەو لە نێوان هێزە ئاسایشیتیەکانی عێراق و هێزەکانی کوردستانی عێراق هەبن. گوتیشی هانی حکومەتی وڵاتەکەی دەدات بەردەوامبێت لە هەوڵەکانی بۆ هەماهەنگی ئاسایشی.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد عێراقیـیەکان لە مێژەوە دەناڵێنن بە دەست ئەم کارە توندوتیژیـیە قێزەونانە کە تەنیا سەروەری و سەقامگیری وڵاتەکە لاوازدەکات. گوتیشی دەبێت ئەمەریکا بەردەوامبێت لە پشتیوانیکردنی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وە هانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بدات لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەسەر ئەم هێرشە بکات.

XS
SM
MD
LG