Accessibility links

سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا و زاوای سەرۆک ترامپ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن


سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا و گەورە ڕاوێژکاری کۆشکی سپی لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای هەرێمی کوردسـتانی عێراق کۆبوونەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی دوایـین پـێشهاتەکانی شەڕی دژی داعش.

جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد و جارێد کوشنەر کە زاوای سەرۆک دانۆڵد ترامپیشە دوێنێ سێشەممە گەیشتنە هەولێری پایتەختی هەرێم و لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردسـتان و کاربەدەسـتانی دیکەی هەرێم پـێشوازیان لێکرا.

پاشان کۆبوونەوەیەکیان سازکرد و بەپـێی هەردوو سەرۆکایەتی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا و هەرێم، تەوەری سەرەکی وتووێژەکانیان دوایـین پـێشهاتەکانی شەڕی دژی داعش بووە.

سەرۆکایەتی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا لەسەر تویتەری خۆی وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و لە ژێرەوەی نووسیویەتی " جەنەڕاڵ دانفۆرد سەرۆکی ئەرکان و جارێد کوشنەر گەورە ڕاوێژکاری کۆشکی سپی و تۆم بۆسەرت ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بۆ ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردی عێراق کۆبوونەتەوە."

مەسعود بارزانی لە تویتەری خۆی نووسیویەتی " خۆشحاڵ بووین بە بینی جەنەڕاڵ دانفۆرد لە هەولێر کە لەوێ لە بارەی دوایـین پـێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ وتووێژمان کرد."

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردسـتانیش نوسیویەتی" جەنەڕاڵ دانفۆرد ئاماژەی بۆ ئەو ڕۆڵە گەورەیەی پـێشمەرگە کردووە لە شەڕی دژی داعش، وە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکار و خۆشەویستانی ئەوانە کردووە کە گیانی خۆیان لەم شەڕەدا بەخشیوە. "

"سەرۆکی هەرێمیش لای خۆیەوە بە ناوی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێزانینی خۆی بۆ خەڵک و حکومەتی ئەمەریکا دەربڕی لە بەرامبەر ئەو پشـتیوانیـیەی لە هەرێمی کوردسـتانی دەکەن لەم کاتەی جیهان ڕووبەڕووی هەڕەشەی تێرۆری داعش دەبێتەوە."

XS
SM
MD
LG