Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پـێشوازی لە بڕیارەکەی مەسعود بارزانی دەکات

  • VOA News

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی دەستخۆشی لە مەسعود بارزانی دەکات کە داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی نەکرد وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

هێزەرت ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیاندنێـکی لە بارەی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئەمەش دەقەکەیەتی:

"وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستایشی مەسعود بارزانی دەکات بۆ ئەو بڕیارەی داویەتی کە خوازیاری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی نیـیە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، وە هەروەها دەسـتخۆشی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات کە دەنگیان داوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی بەسەر دامودەزگاکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. سەرۆک بارزانی کەسایەتیـیەکی مێژوویـیە و ڕێبەرێکی ئازای خەڵکەکەیەتی، وە دواهەمینیان ئەو تێکۆشانە هاوبەشەمان بوو بۆ لەناوبردنی داعش. ئەم بڕیارەشی بڕیارێکی دەوڵەتمەداریـیە لە سەروەختێکی قورسدا.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئێستادا چاوی لە ڕێـیە بۆ ئەوەی چالاکانە کاربکات لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیر. بوونی حکومەتێـکی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتووی فیدراڵدا گرنگە بۆ سەقامگیری درێژدەم و شکستهێنانی تەواو بە داعش. داوا لە هەموو حزبە کوردیـیەکان دەکەین پـشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم کاتەی ماویەتی بۆ کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و هەروەها ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2018 دا.

داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان دەکەین لە سایەی ڕێبەرایەتیـیە نوێـیەکەی بە خێرایی کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپـێی دەستوری عێراق. خۆشحاڵبووین بەو وتووێژانەی لەم ڕۆژانەی دوایی بەڕێوەچوون بۆ دۆخی ئاسایشی، وە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کۆتایی بە هەموو بەرەنگاربوونەوە و پـێکدادانێک بهێنن.

هەروەها بەردەوامین لە پشتیوانیکردن ڕێبەرایەتی بەهێزی سەرۆک وەزیر عەبادی لەم کاتەی کاردەکات بۆ شکستهێنانی تەواو بە داعش و سەقامگیرکردنی عێراق لە پاش داعش. پـێشـوازی لە بڕیاری ئەم دوایـیەی سەرۆک وەزیر عەبادی دەکەین بۆ دەسـتپـێکردنی وتووێژی نوێ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپـێی دەستوری عێراق و خۆدورخستەنەوە لە ڕوودانی بەرەنگاربوونەوەی زیاتر.

بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقیـیەکاندا ببێت. کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنەکان چاویان لەسەر ئایندەیان ببێت و سەنگی بخەنە سەر چارەسەری ئاشتیانە بۆ ناکۆکیـیەکانیان بەپـێی دەستوری عێراق. "

XS
SM
MD
LG