Accessibility links

ئەمەریکا و کۆریای باشور ڕاهێنانێکی لەشکری هەڵدەپەسێرن


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت ئەو ڕاهێنانە لەشکریـیە هاوبەشەی بڕیاربوو ئەمەریکا و کۆریای باشور لە مانگی دوازدە ئەنجامی بدەن، هەڵپەسێردرا، ئەمەش تاوەکو بواری زیاتر بدرێت بە هەوڵە دیپـلۆماسـیەکان لەگەڵ کۆریای باکوردا.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند جێم ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا و جۆنگ گیۆنگ‌دوو وەزیری بەرگری کۆریای باشور ئەمڕۆ هەینی لە سینگاپور کۆبوونەوە و ئەم بڕیارەیان دا.

دەینا وایت خانمە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری گوتی بڕیارەکە دراوە تاوەکو هەموو ئەو هەلانەی بۆ پـرۆسەی دیپـلۆماسی ڕەخسێنراون بەردەوامبن.

گوتیشی هەردوو وەزیر بەڵێنیان داوە کاتێکی دیکە بۆ ڕاهێنانەکە دابنرێت تاوەکو ئامادەیی هێزەکانی هەردوو وڵات مسۆگەربکرێت. بەڵێنیشیان دا هەردوو لەشکر بەردەوامبن لەوەی لە نزیکەوە هەماهەنگی بکەن.

جێی ئاماژەیە ئەم جۆرە ڕاهێنانە کە بە "فیجڵەنت ئەیس" ناودێرکراوە، یەکێکە لەو ڕاهێنانە لەشکریـیانەی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشور کە هەڵپەسێنراون بە ئامانجی ڕێگەخۆشکردن بۆ دەسـتبەرداربوونی کۆریای باکور لە چەکی ناوکی.

ساڵی ڕابردوو کە ئەم ڕاهێنانە بەڕێوەچوو نزیکەی 12 هەزار ئەفسەر و سەرباز و زیاتر لە 230 فڕۆکە تیایدا بەشداریـیان کرد، لەوانە 6 فڕۆکەیان لە جۆری F-22 بوون.

XS
SM
MD
LG