Accessibility links

پەمپـێۆ: زۆر گەشبینم بەرامبەر کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکور


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت زۆر گەشبینە بەرامبەر سەرکەوتنی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور.

مایک پەمپـێۆ ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە سینگاپـور ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادەیە بەڵێنی دەگمەن و جیاواز بە پـیۆنگ‌یانگ بدات کە هەتا ئێستا پـێشتر بەڵێنی وەهای پـێنەداوە، ئەمەش لە بەرامبەر دەسـتبەرداربوونی لە چەکی ناوکی بە شێوەیەکی تەواو و بەبێ پاشگەزبوونەوە.

گوتیشی ئەمەریکا کۆمەڵێک هەنگاو دەنێت تاوەکو پـیۆنگ‌یانگ هەست بە ئاسوودەیی بکات کاتێک دەستبەرداری چەکی ناوکی دەبێت.

هەروەها گوتی" ئەمە بۆ ئەوان کارێکی خراپ نابێت، بەڵکو بە پـێچەوانەوە دەبێتە مایەی ئایندەیەکی باشتر و گەشەدارتر بۆ خەڵکی کۆریای باکور."

پاشان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی" تەنیا دوو کەس هەن دەتوانن بڕیاری لەو ئاستدا بدەن، ئەو دوو کەسەش سبەی لە یەک ژوردا دادەنیشن."

بڕیارە سبەی سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون لە ئوتێلی کاپـێلای دورگەی سێنتۆسای سینگاپـور کۆبوونەوەیەکی مێژووی ئەنجام بدەن.

بەپـێی بەرنامەی کۆبوونەوەکە، سەرەتا سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون تەوقە لەگەڵ یەکتر دەکەن و پاشان بۆ ماوەی 2 کاژمێر تەنیا خۆیان بە ئامادەبوونی وەرگێڕەکان کۆدەبنەوە. دواتر کاربەدەستانی دیکەی هەردوولا بەشداری کۆبوونەوەکانی دیکە دەکەن.

XS
SM
MD
LG