Accessibility links

ئەمەریکا: سزاکانی سەر کۆریای باکور دەمێننەوە هەتا دەستبەرداری چەکی ناوکی دەبێت


وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت واشنتن سزاکانی سەر کۆریای باکور سووک ناکات هەتا ئەو کاتەی پـیۆنگیانگ هەنگاوی بێ پاشگەزبوونەوە نەنێت بە ئاڕاستەی دەستبەرداربوونی لە بەرنامەی چەکی ناوکی.

جێمس ماتیس ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەی ئاسایشی لە سینگاپـور گوتیشی پـێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەموو سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر پـیۆنگیانگ جێبەجێ بکات هەتا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە چیتر ئەم وڵاتە هەوڵی گەیشتن بە چەکی ناوکی نادات.

لای خۆیەوە سۆنگ یۆنگ مو وەزیری بەرگری کۆریای باشور گوتی" بەهۆی پـێشهاتەکانی ئەم دوایـیە لە کۆریای باکور دەکرێت گەشبین بین، بەڵام دەبێت وریابین لەم کاتەی هەنگاو بەرەو پـێشەوە دەنێین."

هەروەها خانم فلۆرانس پارلی وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا ئەویش لەگەڵیان هاودەنگ بوو و داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد لە بەرامبەر پـیۆنگیانگ وریابێت و سزاکانی لە دژی بە تەواوی جێبەجێ بکات هەتا بەرنامە ناوکیـیەکەی بە تەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە.

پاشان ماتیس گوتی پـێویستە لە باشترین حاڵەتیشدا پـێشبینی بکرێت کۆسپ لە بەردەم دانوستاندنەکان دروسببن، بۆیە دەبێت ئەوان وەک وەزیرانی بەرگری بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی نێوانیان هەتا بوار بە لایەنی دیپـلۆماسی وڵاتەکانیان بدەن لە پـێگەیەکی بەهێزەوە دانوستاندن لەگەڵ پـیۆنگیانگدا بکەن.

XS
SM
MD
LG