Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ لە دژی کۆریای باکور دەسەپـێنێت


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیا و کەسدا کە یارمەتی کۆریای باکور دەدەن لە دەربازبوون لەو سزا نێودەوڵەتیـیانەی خراونەتە سەری لەسەر چالاکیـیە موشەکی و ناوکیـیەکانی.

ستیڤن منوشن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، حکومەتی ئەمەریکا ئەو کۆمپانیا و کەسانە دەکاتە ئامانج کە لە چین و ڕووسیا و وڵاتانی دیکە بۆ ئەو تۆڕە دارایـیانەی کۆریای باکور کاردەکەن. داواشیکرد ئەو کۆمپانیانە دابخرێن و ئەو کەسانە لەو وڵاتانە دەربکرێن.

گوتیشی کۆمپانیاکان کە تایبەتن بە نەوت و بازرکانی و گواستنەوەی دەریایی هێشتا کۆڵەکەی کۆریای باکورن بۆ خواستە ناوکییەکانی و ئەو کارانەی دەیانکات و ناسەقامگیریان لێدەکەوێتەوە.

بەپـێی وەزارەتی خەزێنە 9 کۆمپانیا کە دووانیان چینین هەستاون بە دابینکردنی کانزایی بۆ کۆریای باکور بە بەهای 68 ملیۆن دۆلار و هەروەها لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2017 بە بڕی 19 ملیۆن دۆلار یارمەتیان داوە لە هاوردەکردنی کەرەستە بۆ ئەو وڵاتە.

جگە لەو کۆمپانیانە، 16 کەسیش کە زۆربەیان خەڵکی کۆریای باکورن و هەندێکیان لە چین و ڕووسیان، سزاکان گرتوونیەتەوە.

XS
SM
MD
LG