Accessibility links

جەیمس ماتس لەگەڵ کاربەدەسـانی کۆریای باشور تاووتوێی هەڕەشەکانی پـیۆنگیانگ دەکەن


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە سیۆلی پایتەختی کۆریای باشورە بە مەبەستی تاووتوێکردنی چۆنیەتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست لە دژی هەردوو بەرنامەی ناوکی و موشەکی کۆریای باکور.

ئەم سەردانەی جەیمس ماتس لە کاتێـکدایە ڕاپـۆرت هەن باس لەوە دەکەن کۆریای باکور بە نیازە تاقیکردنەوەیەکی نوێ موشەکی بالیستی بکات، ئەمەش ڕەنگە هەوڵێـکی پـیۆنگیانگ بێت بۆ نیشاندانی سووربوونی لەسەر سیاسەتەکانی خۆی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا.

ئەمەریکا دەتوانێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکور سیستەمی بەرگری موشەکی جۆری ثاد لە کۆریای باشور دابمەزرێنێت. ئەم سیستەمە دەتوانێت موشەکی بالیستی مەودا کورت و مامناوەند لە ئاسماندا تێکبشکێنێت. هەروەها موشەکەکەی دەتوانێت بە خێرایی 2.8 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا بەرەو ئامانجەکەی بڕوات هەتا دوری 200 کیلۆمەتر.

ماتس لە ڕێگەی بەرەو سیۆل لە فڕۆکەکە بە ڕۆژنامەوانانی گوت بێ گومان لە بارەی سیستەمی ثاد لەگەڵ کاربەدەسـتانی کۆریای باشور وتووێژدەکات.

کاربەدەسـتانی کۆریای باشور و ئەمەریکا دەڵێن ئامانج لە دامەزراندنی سیستەمی ثاد بۆ بەرگریـیە لە دژی توانا ناوکی و بالیستیـیەکانی کۆریای باکور. بەڵام وڵاتی چین ناڕەزایی لەم بارەیەوە دەربڕیوە و دەڵێت دامەزراندنی سیستەمێـکی لەم جۆرە هاوسەنگی هێز لە هەرێمەکە تێکدەدات، ئەمەش وەهای لە ڕێبەرانی ئۆپـۆزسیۆنی کۆریای باشور کردووە داوابکەن سیستمەکە دانەمەزرێت یان دوابخرێت.

XS
SM
MD
LG