Accessibility links

ئەمەریکا فەرماندەیەکی پێشووی تاڵیبان بە تۆمەتی کوشتنی سەربازانی ئەمەریکا لە ساڵی 2008 دا تۆمەتبار دەکات


وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێت فەرماندەیەکی پێشووی تاڵیبان بە تۆمەتی کوشتنی سەربازانی ئەمەریکا لە ساڵی 2008 دا تۆمەتبار کراوە.

ئاماژەشی بەوەدا دەستەیەکی سوێندخۆرانی باڵا لە نیویۆرک تۆمەتبارکردنەکەی ڕاگەیاندووە.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " حاجی نەجیبوڵا کە پێشتر بە تۆمەتی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی لە ساڵی 2008 دا تۆمەتبار کراوە، ئەمڕۆش تۆمەتباری دەکەین بە تۆمەتی هێرش کردنە سەر سەربازانی ئەمەریکا، لەوانەش ئەو هێرشانەی کە بوونە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی ئەفغانی و هەروەها خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئەمەریکی."

بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 ، نەجیبوڵا لە ساڵەکانی نێوان 2007 بۆ 2009 فەرماندەیەکی تاڵیبان بووە و بەرپرسی ناوچەی جاگاتۆ بووە لە هەرێمی وارداک، کە دەکەوێتە سەر سنووری کابوڵ.

نەجیبوڵا سەرکردایەتی زیاتر لە هەزار چەکداری تاڵیبانی دەکرد، هەندێک کاتیش وەکو وتەبێژی تاڵیبان کاری دەکرد. لەو ماوەیەدا نەجیبوڵا و چەکدارەکانی کۆمەڵێک هێرشیان ئەنجامدا کە ئامانج لێی کوشتنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان بوو، هێرشەکانیشیان لەڕێی چەک و بۆمبی چێندراو و ئاڕ بی جی و چەکی دیکەی دژە تانکەوە ئەنجام دەدا.

لە 27 ی مانگی 10 دا ئەو چەکدارانەی تاڵیبان کە لەژێر فەرمانی نەجیبوڵادا بوون هێلیکۆپتەرێکی سوپای ئەمەریکایان بە ئاڕ بی جی خستەخوارەوە، لەو کاتەدا تاڵیبان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند و وتی " فڕۆکەکە لەلایەن موجاهیدینی ئیماڕاتی ئیسلامیەوە خراوەتە خوارەوە." هەروەها وتیشی سەرجەم سەرنشینەکانی فڕۆکەکە کوژراون، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ سەربازێک لە هێرشەکەدا نەکوژرا.

هەروەها لە 26 ی مانگی شەشی ساڵی 2008 دا چەکدارەکانی نەجیبوڵا لە سەعید ئابادی هەرێمی وارداک بە بەکارهێنانی بۆمبی چێندراو و ئاڕ بی جی و چەکەوە هێرشیان کردەسەر کاروانێکی سەربازی ئەمەریکا، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕە ئەفغانیەکەیان کوژران.

XS
SM
MD
LG