Accessibility links

ئەمەریکا لەگەڵ ئوردن سەنتەرێکی دژە تێرۆرزم لە عەممان دەکەنەوە


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و حکومەتی ئوردن پـێکەوە سەنتەرێکی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان لە دژی تێرۆرزمیان کردەوە لە باشوری عەممانی پایتەخت.

مایکڵ ئیڤانۆڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئاسایشی دیپـلۆماسی ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئامادەی مەراسیمی کردنەوەی سەنتەرەکە بوو و گوتیبەرنامەی نەهێشتنی تێرۆرزم کە لە ئوردن کاری بۆ دەکرێت بەرنامەیەکی بەردەوامە و بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە.

گوتیشی "ڕاهێنان ژیانی زۆر کەس ڕزگاردەکات و یارمەتی دەدات لە بەهێزکردنی تواناکانی وڵاتی میواندار. خۆشحاڵم بە کردنەوەی ئەم سەنتەرە و هیوادارم فراوانتربکرێت و وەکو سەنتەرێکی سەرەکی بەکاربهێنرێت."

ئیڤانۆڤ باسی لەوەش کرد ئەم بەرنامەیە کە بۆ نەهێشتنی تێرۆرزمە لە ناوچەکە، خەرجیـیەکانی ئەمەریکا کەم‌دەکاتەوە و یارمەتی وڵاتانی ناوچەکەش دەدات لە شەڕیان لە دژی تێرۆرزم.

بەپـێی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەو سەنتەرە ڕاهێنان دەکرێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە تێرۆرستیـیەکان و ئازادکردنی بارمتە و پـوچەڵکردنەوەی بۆمب و بەرگری ئەلیکترۆنی.

هنری ویستەر کاربەڕێکەری کارەکان لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عەممان ئەویش گوتی ئوردن شوێنی گەورەترین بەرنامەی ڕاهێنانی ئەمەریکایـیە بۆ ناسینەوەی بۆمبی چێنراو لە جیهاندا."

جێی ئاماژەیە سەنتەرەکە لە ئاکادیمیای پـۆلیسی ئوردن دەبێت لە ناوچەی سەواقە کە دەکەوێتە دوری نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە باشوری شاری عەممان.

بەپـێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عەممان ساڵی ڕابردوو 325 خولی ڕاهێنان کراوەتەوە بۆ 6881 ئەندامی هێزی ئاسایشی و پـۆلیسی 46 وڵات. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو هەزاران پـۆلیسی فەڵەستینی و عێراقی و لیبی لە ئوردن مەشق و ڕاهێنانیان پـێکراوە.

XS
SM
MD
LG