Accessibility links

پەنتاگۆن: سێ ڕاهێنەری ئەمەریکایی لە ئوردن کوژراون


کاربەدەسـتێـکی لەشکری ئەمەریکا ڕایگەیاند لە شەڕە تەقەیەکدا لە بەردەم بنکەیەکی لەشکری ئوردن 3 ڕاهێنەری سەربازی ئەمەریکایی کوژراون، لەوانە دووانیان بەهۆی قورسی برینەکانیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەسـتداوە. هەروەها سەربازێـکی ئوردنیش برینداربووە.

کاربەدەسـتەکە گوتی ڕووداوەکە نزیکەی پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بووە لە دەروازەی بنکەی هێزی ئاسمانی ئەمیر فەیسەل لە ناوچەی ئەلجەفر لە باشوری وڵاتەکە، کاتێـک ڕاهێنەرەکان ویستبوویان بچنە ناو بنکەکە. گوتیشی هێشتا هۆکاری شەڕە تەقەکە نازانرێت.

ئوردن لای خۆیەوە سەرەتا لە بەیانـنامەیەکی لەشکریدا گوتی ئۆتۆمبیلی ڕاهێنەرەکان پابەندی داوای پاسەوانانی دەروازەکە نەبووە و نەوەسـتاوە و سەرئەنجام شەڕە تەقە لە نێوانیان ڕوویداوە و 2 ڕاهێنەری لەشکری ئەمەریکایی کوژراون و ڕاهێنەرێـکی دیکە و سەربازێـکی ئوردنی برینداربوون. پاشان بەیانـنامە لەشکریـیەکە هەموارکرا و ئەو بەشەی لێ لادرا کە باس لە پابەند نەبوونی ئۆتۆمبیلی ڕاهێنەرەکان دەکات.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئوردن ڕایگەیاند ڕاپـۆرتی لە بارەی ڕووداوەکەوە پـێگەیشتووە و لە ئێستادا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئوردن لە پەیوەندیدان.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئوردن بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت لەو بنکەیە مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری لێ دەکرێت و ڕاهێنەر و ئەوانەشی ڕاهێنانیان پـێدەکرێت لە چەندان وڵاتی جیاجیاوە هاتوون.

XS
SM
MD
LG