Accessibility links

حکومەتی ژاپۆن: ئابی و سەرۆک ترامپ ڕێدەکەون لەسەر زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر کۆریای باکوور


جێگری باڵای نوێنەرانی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن یاسوتوچی نیشیمۆرا وتی سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کار بکەن بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر کۆریای باکوور.

ئابی و سەرۆک ترامپ دوای ئەوەی حیزبەکەی ئابی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد، لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە گفتوگۆیان کرد.

نیشیمۆرا وتی ئابی و سەرۆک ترامپ بەنیازن لە 5 ی مانگی یانزەدا یاری گۆڵف بکەن کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ یەکەم سەردانی خۆی بۆ ژاپۆن ئەنجام دەدات.

هەروەها وا بڕیاریشە وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەیمس ماتیس گەشتێک بۆ ئاسیا بکات بە چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ بچێت بۆ ئاسیا.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەیمس ماتیس وتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئاسیادا سەبارەت بە کۆریای باکوور گفتوگۆ دەکەن، وابڕیارە ماتیس لەگەڵ هاوتا ژاپۆنیەکەیدا کۆببێتەوە و بە هەمان شێوە لەگەڵ وەزیری بەرگری کۆریای باشووریشدا کۆدەبێتەوە.

هەروەها ماتیس ئامادەی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەبێت لە فیلیپین و دواتر بەرەو سیئۆل دەچێت بۆ مشتومڕکردن لەسەر بابەتی بەرگری زیاتر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG