Accessibility links

ئەمریکا و ئوسترالیا و ژاپۆن لەسەر کۆریای باکور کۆدەبنەوە


لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕیار بوو سەرۆک دانۆڵد ترامپ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ سەرەک وەزیری ئوسترالیادا کۆببێتەوە بەڵام دواتر شینزۆ ئابی سەرەک وەزیری ژاپۆنیش بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا کرد.

ئەم گۆڕانکارییە لە بەرنامەی کۆبوونەوەکەدا نیشانەیەکە بۆ هەروادێ و پەرەسەندنی زیاتری پەیوەندی سێ لایەنەی نێوان ئەمریکا و ئوسترالیا و ژاپۆن سەبارەت ڕەوشی ئاسایشی لەو ناوچەیەی جیهاندا و بە تایبەتیش چۆنییەتی وەڵامدانەوەی بەرنامەکانی چەکی ناوکی و موشەکی باڵستیکی کۆریای باکور و هەروەهاش داوا بەردەوامەکانی وڵاتی چین لە دەریادا کە بە ناوچەی خۆیی دەزانێت.

سەرەک وەزیری ژاپۆن دەڵێت "دۆسێی سەرەکی بۆ هەر سێ وڵات دڵنیابوونە لە هاوکاری سێ لایەنە بۆ هێنانە ئارای ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

شینزۆ ئابی، پێشتریش هاوڕایی خۆی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا لە بەرەیەکی یەکگرتوودا نیشانداوە دژی کۆریای باکور.

ماڵکۆڵم تۆرنبوڵ، سەرەک وەزیری ئوسترالیاش لای خۆیەوە دەڵێت "ئێمە هەمان بەهامان هەیە و هەروەهاش هەمان سەنگیی لەسەر دڵنیابوون لەوەی ڕژێمی کۆریای باکور بە هۆش خۆیدا دێتەوە و وروژاندنە قێزەونەکانی و هەڕەشەکانی نانەوەی قەیران لە ناوچەکەماندا ڕادەگرێت."

سەرۆک ترامپ دەڵێت پاش گەڕانەوەی بۆ واشنتۆن لەم سەردانەی 12 ڕۆژیەیدا بۆ پێنج وڵاتی ئاسیا ڕاگەیاندنی سەرەکی خۆی دەدات لەسەر دۆسێکانی کۆریای باکور و هەروەهاش بازرگانی، وەک سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو هەبووە لە بواری بازرگانیدا هاوکاتی ئەم سەردانەی بۆ ئاسیا.

XS
SM
MD
LG