وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی پشتیوانی بەهێزی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت سەرەڕای هەر گۆڕانکارییەک لە حکومەتی ئیسڕائیلدا.
دوای ئەوەی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل یائیر لاپید لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل، سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بنیامین نەتانیاهو ڕووبەڕووی ئەگەری کۆتایی هاتنی دەسەڵاتەکەی بۆتەوە کە ماوەی 12 ساڵە بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەشەوە کۆشکی سپی وتی ئیسڕائیل هەمیشە وەکو هاوبەشێکی ستراتیژی گرنگی ئەمەریکا دەمێنێتەوە، ئەوەش لە وەڵامێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئیسڕائیل دەگۆڕێت ئەگەر هاتوو کەسێکی دیکە شوێنی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بگرێتەوە یاخود نا.
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە ئیسڕائیل بابەتێکە پەیوەستە بەو حیزبانەوە کە بەشدارییان تێدا کردووە.
وتیشی " ئیسڕائیل هەمیشە وەکو هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا دەمێنێتەوە، هاوبەشێک کە پەیوەندییەکی ئەمنی بەردەواممان لەگەڵیدا هەیە، ئەوەش بەردەوام دەبێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز