Accessibility links

دیپـلۆماتکاران: ئەمەریکا بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل پـرۆژە بڕیارێکی لە ئەنجومەنی ئاسایش بلۆککرد


دیپـلۆماتکاران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـرۆژە بڕیارێکی لە ئەنجومەنی ئاسایش بلۆککردووە کە تیایدا ئەنجومەنەکە مەخابنی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر بڕیاری ئیسرائیل بۆ کۆتایی‌هێنان بە ئەرکی شاندی چاودێری نێودەوڵەتی لە شاری خەلیل لە کەناری ڕۆژئاوا.

هەریەک لە کوەیت و ئەندەنووسیا کە لە ئێستادا ئەندامی کاتی ئەنجومەنی ئاسایشن، دوێنێ چوارشەممە پـرۆژە بڕیارەکەیان بڵاوکردەوە لە پاش کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنەکە کە تیایدا چەند وڵاتێک نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر ئەم بڕیارەی ئیسرائیل دەربڕی.

هەفتەی ڕابردوو بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕایگەیاند مۆڵەتی ڕێگەدان بە کاری ئەو شاندە نێودەوڵەتیـیە نوێ ناکاتەوە. گوتی ئەو شاندە کە نەرویژ ڕێبەرایەتی دەکات بێ لایەن نیـیە.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 1994 وە ئەم شاندی چاودێریـیە بۆ خەلیل پـێکهێنرا، پاش ئەوەی لەو شارە پـێکدادانێک لە نێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینیـیەکان ڕووی‌دا و لە ئاکامدا ژمارەیەک فەڵەستینی کوژران و برینداربوون.

شاری خەلیل کە ئیسرائیلیـیەکان بە "خێڤۆن" ناودێری دەکەن، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پـێش زاین و جووەکان بە شاری باوباپـیرانی خۆیانی دادەنێن.

XS
SM
MD
LG