Accessibility links

ڕۆیتەرز: ئیسرائیل هەواڵی داوایەکی سەرۆک ترامپ لە نەتەنیاهو پشـتڕاست‌دەکاتەوە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ئیسرائیل ئەو هەواڵەی پشـتڕاستکردەوە کە دەڵێت سەرۆک ترامپ داوای لە وڵاتەکەیان کردووە ئەو ژنە تورکە ئازادبکات کە پەیوەندی بە حەماسەوە هەبوو، ئەمەش تاوەکو تورکیا قەشە ئەمەریکایـیەکە ئازادبکات.

ئاژانسەکە دەڵێت کاربەدەستێکی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی گوتویەتی"دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە داوایەکی لەو جۆرە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە کراوە."

بەڵام کاربەدەستەکە باسی لەوە نەکرد ئایا ئەو داوایە کاریگەری هەبووە بەسەر بڕیاری ئازادکردنی ژنە تورکەکە یان نا.

جێی ئاماژەیە ئیبرۆ ئوزگان تەمەن 27 ساڵ لە 11 ی مانگی شەشی ئەمساڵ لە ئیسرائیل دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی پەیوەندیکردنی بە ڕێکخراوی حەماسی فەڵەستینیـیەکانەوە. پاشان لە 15 ی مانگی حەوت بەپـێی بڕیاری دادگایەکی ئیسرائیل ئازادکرا و ڕەوانەی تورکیا کرایەوە.

ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست ڕۆژی پـێنجشەممە ڕاپـۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی سەرۆک ترامپ لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لە 14 مانگی حەوت داوای لە بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کردووە ئیبرۆ ئازادبکەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ برەنسن کە نزیکەی 2 ساڵە لە تورکیا دەسـتگیرکراوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم ئامادە نەبووە لەم بارەیەو لێدوان بدات.

بەڵام لە ئەنکەرە کاربەدەستێکی باڵا گوتویەتی هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئیبرۆ بە قەشە ئەندرۆ.

XS
SM
MD
LG