نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی هیوادارە ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی ڕێکەوتنی ئاشتی زیاتر واژۆ بکەن، تەنانەت ئەگەر سەرۆک ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاشدا سەرکەوتوو نەبوو.
ئایڤی بێرکۆویچی نوێنەری سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هاوەڵی شاندێکی ئیسڕائیلی کرد بۆ بەحرەین وتی ڕێکەوتنی ئابراهام لەلایەن هەردوو حیزبی سەرەکی ئەمەریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت، ئەوەشی خستەڕوو ئەو ڕێکەوتنە بەشێوەیەک ئامادەکراوە کە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بەردەوام بێت، ئەوەش لەڕێی هاندانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان ئیسڕائیل و هاوبەشە عەرەبە نوێیەکانیەوە.
بێرکۆویچ لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " هەمووان دەبێت ئاشتی بپارێزن و هەموو جیهانیش دەبێت وەکو شتێکی ئەرێنی سەیری بکەن، هیوامان هەیە لەوەی ڕێکەوتنەکانی وەکو ڕێکەوتنی ئابراهام بەردەوام بن، ئیتر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا هەرچۆنێکیش بن."
مانگی ڕابردوو بەحرەین شوێنپێی ئیماڕاتی هەڵگرت و ڕێکەوتنێکی بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد، ئەوەش بووە هۆی توڕەیی فەڵەستینیەکان کە دەڵێن ئەم جۆرە نزیک بوونەوانە دەبێت پەیوەست بێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینەوە.
سەبارەت بەوەشی کە ئایا سعودیە هەمان هەنگاوی ئیماڕات و بەحرەین دەنێت، بێرکۆویچ وتی " لەکۆتاییدا بڕیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان، لە زۆر ڕووەوە گفتوگۆکانمان لەگەڵیاندا ئەرێنیە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز