هەڵسوڕێنەری کاروباری نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیچارد میڵز وتی سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست " پشتیوانیکردن دەبێت لە چارەسەری دوو دەوڵەت لەکاتێکدا ئیسڕائیل بە ئاشتی و پارێزراوی بژی و لەپاڵیشیدا دەوڵەتێکی فەڵەستینی هەبێت کە توانای مانەوەی هەبێت."
میڵز ئاماژەشی بەوەدا بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن بەنیازە پشتیوانییەکان بۆ فەڵەستینیەکان بگەڕێنێتەوە و ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ دووبارە کردنەوەی دامەزراوە دیبلۆماسییەکانی ئەمەریکا کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دایخستبوون.
ئەوەشی خستەڕوو بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکە بەردەوام دەبێت لە داواکردن لە وڵاتانی دیکە تاوەکو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی بکەنەوە، بەڵام دانیش بەوەدا دەنێت کە " هیچ بەدیلێک نیە بۆ ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین."
لەلایەکی دیکەشەوە وتەبێژی کۆشکی سپی جین ساکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن چارەسەری دوو دەوڵەتی دەوێت بۆ ناکۆکییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل، وتیشی سەرۆک جەخت لەوە دەکاتەوە چارەسەری دوو دەوڵەت تەنها چارەسەرە بەرەو خستنەوەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز