Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ نەتانیاهو: ئەمەریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هاریس
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هاریس

کۆشکی سپی وتی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هاریس لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو جەختی لە دژایەتی ئەمەریکا کردۆتەوە لە هەر لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن ئیسڕائیلەوە لەسەر خاکی فەڵەستین.

ئەم پەیوەندییە تەلەفونیەش یەک ڕۆژ دوای ئەوە هات دادوەری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی وتی دەستدەکات بە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەسەر خاکی فەڵەستین لەلایەن ئیسڕائیلەوە، بەڵام ئەمەریکا و ئیسڕائیل بەخێرایی ئەوەیان ڕەت کردەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا فەڵەستینیەکان داوایان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد دەستبکات بە لێکۆڵینەوەکان. سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس لە بەیاننامەیەکدا وتی " لێکۆڵینەوەکە بەرگرییە لە ماف و ئازادییەکان."

دادوەری گشتی دادگاکە فاتو بنسۆدا وتی تاوانی جەنگ لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە ئەنجام دراون یاخود ئەنجام دەدرێن.

بنسۆدا ئاماژەی بەوەدا بابەتی بەکارهێنانی هێزی کوشندە و ناکوشندە لەلایەن ئیسڕائیلەوە دژی ئەو خۆپیشاندەرە فەڵەستینیانەی کە لەدوای ساڵی 2018 ەوە لەبەردەم پەرژینی سنووری لەگەڵ غەزەدا ناڕەزاییان دەربڕیوە، یەکێک دەبێت لەو خاڵانەی لە لێکۆڵینەوەکاندا سەنگی دەخرێتەسەر.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی هاریس و نەتانیاهو ئاماژەیان بەوە داوە ئەمەریکا و ئیسڕائیل " دژایەتی هەوڵەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە سەربازانی ئیسڕائیل."

وتیشی هاریس " جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردۆتەوە بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا هاریس پیرۆزبایی لە نەتانیاهو کردووە لەسەر پڕۆگرامی پێدانی ڤاکسین بە دانیشتوانی ئیسڕائیل و ڕێکەوتوون لەسەر زیادکردنی هاریکارییەکان لەسەر ڤایرۆسەکە و ئاو و وزەی سەوز و دەستپێشخەرییەکانی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG