ڕۆژی یەکشەممە حکومەتە نوێیەکەی ئیسڕائیل جەختی لە هاریکارییە نزیکەکانی وڵاتەکەی کردەوە لەگەڵ ئەمەریکادا، بەڵام ئەوەشی خستەڕوو " گومانی جددیان " هەیە لەسەر هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دووبارە بەشداریکردنەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا.
وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕووبەڕوو لە ڕۆما کۆبوونەوە، ئەمەش یەکەمین کۆبوونەوەی نێوانیانە لە دوای پێکهاتنی حکومەتی نوێی ئیسڕائیلەوە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیری پێشووی وڵاتەکە بنیامین نەتانیاهو هێنا.
بەر لە گفتوگۆکانیان، لاپید ئاماژەی بەوەدا " لە چەند ساڵێکی کەمی ڕابردوودا، کۆمەڵێک هەڵە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا ئەنجامدراون "،کاتێک نەتانیاهو خۆی لە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا نزیک دەکردەوە، هەندێک کاتیش پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ دیموکراتەکاندا پشتگوێ دەخست.
وتیشی " پشتیوانی دوو پارتی بۆ ئیسڕائیل زیانی بەرکەوت. پێکەوە ئەو هەڵانە چاک دەکەینەوە."
لاپید کە دوو ساڵی دیکە پۆستی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل وەردەگرێت وتی لە دوای ئەوەوە کە پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە قسەی لەگەڵ دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەمەریکادا کردووە، " بیری هێناونەتەوە کە ئێمەش هەمان بەهاکانی ئەمەریکامان هەیە، ئازادی، دیموکراسی، بازاڕی ئازاد و هەمیشە گەڕان بەدوای ئاشتیدا."
لەلای خۆیەوە بلینکن وتی سەرەڕای ئەوەی پێنج مانگە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەست بەکاربووە و تەنها دوو هەفتەشە حکومەتی نوێی ئیسڕائیل بە ڕابەرایەتی نەفتاڵی بێنێت دەستبەکاربووە، " ئەو بناغەیەی کاری لەسەر دەکەین یەکێکە لەو بناغانەی هاوبەشی و هاوڕێیەتی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیلی پاراستووە."
لەلایەکی دیکەوە لاپید بە ئاشکرا ناڕەزایی وڵاتەکەی دەربڕی لەسەر هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دووبارە بەشداریکردنەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا، کە ساڵی 2018 سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کشایەوە لێی و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.
لاپید وتی " ئیسڕائیل کۆمەڵێک گومانی جددی هەیە لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کە لە ڤییەنا واژۆکرا." ئاماژەشی بەوەدا وڵاتەکەی بە تایبەتی ئەو ناڕەزاییانەی هەیەتی بە ئەمەریکای ڕادەگەیەنێت.
لەلای خۆیەوە بلینکن وتی " ئێمەش هەمان ناڕەزاییمان هەیە، هەندێک کات جیاوازین لە تەکتیکەکاندا، پێم وایە ئێمە لەسەر ئەو بابەتە زۆر ڕاشکاوین لەگەڵ یەکتردا و دەبێت واشبێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا