Accessibility links

ئەمەریکا سەرزەنشتی ئیسرائیل دەکات لەسەر یاسای چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەریدا


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند " بەداخەوەیە " کە پەرلەمانی ئیسڕائیل بەشێکی لە چاکسازییە دادوەرییەکانی بنیامین نەتانیاهوی پەسەند کرد و سەرپێچی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنییان کرد، هەروەها دووبارە داوای لێ کردەوە بە دوای کۆدەنگییەکی سیاسی فراواندا بگەڕێت.

بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن جەختی لە نیگەرانییە درێژخایەنەکانی کردەوە دوای ئەوەی کنێستی ئیسڕائیل پڕۆژە یاسایەکی سەرەتایی پەسەندکرد کە ئامانج لێی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا بوو، سەرەڕای چەند مانگێک لە ناڕەزایەتی شەقامەکان و تانەدان لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەوە بۆ ڕاگرتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا.

وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک بایدن وەک دۆستێکی درێژخایەنی ئیسڕائیل، بە ئاشکرا و بە تایبەتی بۆچوونەکانی خۆی دەربڕیوە کە گۆڕانکارییە گەورەکان لە دیموکراسییەکدا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت دەبێت تاوەکو دەتوانرێت کۆدەنگییەکی فراوانیان هەبێت."

ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی ئیسڕائیلدا بایکۆتی دەنگدانەکەیان کرد لەسەر پڕۆژە یاساکە کە هاوپەیمانێتییەکەی نەتانیاهو پشتگیری لێدەکرد، ئەو هاوپەیمانییەش بە توندڕەوترین هاوپەیمانی لە مێژووی ئیسڕائیل دادەنرێت.

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەنگدانەکە، نەتانیاهو لە وتارێکدا ڕایگەیاند دادگاکان بە سەربەخۆیی دەمێننەوە و هیوادارە تا کۆتایی مانگی یانزە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن لەسەر گۆڕانکارییە دادوەرییەکان بگەنە ڕێککەوتن.

بایدنی دیموکرات وتوویەتی نەتانیاهو دەبێت سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ئیسڕائیل بپارێزێت وەک ئامڕازێکی گرنگی دیموکراسی، بەڵام هەندێک لە یاسادانەرانی کۆمارییەکان بایدن تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئیسڕائیلدا.

بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە لەسەر ئەوەی ڕەخنەکانی بایدن زیانی گەیاندبێت بە بوارە سەرەکییەکانی دیکەی وەک هاریکارییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دۆستایەتییەکی درێژخایەنمان لەگەڵ حکومەتی ئیسڕائیلدا هەیە کە بەڕاستی هەر پرسێک لە پێشدا بێت تێیدەپەڕێنێت".

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئاساییدا لە کۆشکی سپی، جین پیێر بەڵێنەکەی بایدنی دووبارە کردەوە کە پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئیسڕائیلەوە " وەکو ئاسن " بە پتەوی دەمێنێتەوە و هیچ ئاماژەیەکی نەدا لەسەر ئەوەی واشنتن ئامادەیە ملیاران دۆلار لە یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل وەکو ئامرازێک دژی ئەو وڵاتە بەکاربهێنێت.

وتیشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ و ڕابەرانی دیکەی ئیسڕائیل لەکاتێکدا هەوڵدەدەن لەڕێگەی گفتوگۆی سیاسییەوە کۆدەنگییەکی فراوانتر بونیاد بنێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG