لەکاتێکدا گفتوگۆکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان بە چەق بەستوویی ماوەتەوە، ئەمەریکا و ئیسڕائیل فشارەکانیان بۆ سەر ئێران زیادکرد.
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز سەردانی ئەمەریکای کرد و لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستندا کۆبۆوە و داوایکرد گفتوگۆ لەسەر مەشقێکی سەربازیی هاوبەش بکرێت بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ ڕاگرتنی ئامانجە ناوەکیەکانی ئێران.
ڕۆژی چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە بابەتێک لە گفتوگۆکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل ئەگەری ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی هاوبەش دەبێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ خراپترین سیناریۆ بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر هەوڵە دیبلۆماتیەکان لەگەڵ ئێران شکستیان هێنا و سەرۆکەکانی وڵاتەکانیان " داوایانکرد."
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلیەکەی وتی ئێران شکستی هێناوە لەوەی پەیوەندییەکی دیبلۆماتیکی بونیادنەرانە لە گفتوگۆکاندا دەربخات.
ئۆستن وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن " ئامادەیە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی دیکە " ، ئەگەر سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا بەرامبەر ئێران شکست بهێنێت.
ئۆستن وتیشی " ئێمە بەتەواوەتی هاوڕاین سەبارەت بە پابەندبوونمان بە ڕێگەگرتن لە ئێران تاوەکو نەبێتە خاوەنی چەکی ناوەکی. ئەمە بەرژەوەندییەکی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و جیهانیشە."
لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز ئێرانی بە " گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر جیهان و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە " ناودێرکرد.
ئێران ڕەتی دەکاتەوە هەوڵی دەستکەوتنی چەکی ناوەکی بدات، دەڵێت بەرنامە ناوەکییەکەی تەنها بۆ هۆکاری ئاشتیانەیە. بەڵام داواکارییە گەورەکانی حکومەتە نوێیەکەی ئێران گومانی لەلای ڕۆژئاوا دروست کردووە لەسەر ئەوەی ئێران یاری بە کات دەکات لەکاتێکدا پەرە بە بەرنامە ناوەکییەکەی دەدات.
لەکاتێکدا کە ئێستا سوودەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 کەوتۆتە مەترسییەوە، هەندێک لە بەرپرسانی ڕۆژئاوا دەڵێن کاتێکی کەم ماوە بەر لەوەی بنچینەی ڕێکەوتنەکە بەشێوەیەک زیانی بەربکەوێت کە نەتوانرێت چاک بکرێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز